ئۆگەندا لە قەدی درەختی مۆز 'قژی دەستکرد' بەرهەم دەهێنێت

ئۆگەندا دووەم بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری مۆزە لەسەر ئاستی جیهان
ئۆگەندا دووەم بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری مۆزە لەسەر ئاستی جیهان

K24 - هەولێر

ئۆگەندا دووەم بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری مۆزە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام بۆ ئەوەی سوود لە پاشماوە و قەدی درەختەکەشی وەربگیرێت، کارەگەیەک قەدەکان کۆدەکاتەوە و ریشاڵی لێ بەرهەم دە‌هێنێت، بەو ریشاڵەش رایەخ و قژی دەستکرد بەرهەم دەهێندرێت.

داری مۆز جگە لە بەرەکەی، هیچ سوودێکی دیکەی بۆ جووتیاران نییە، بەڵام کارگەیەکی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە ئۆگەندا، کە دووەم وڵاتی بەرهەمهێنەری مۆزە لە جیهاندا، قەدی دار مۆزەکان کۆدەکاتەوە و ریشاڵی لێ دروست دەکات، ریشاڵەکانیش دەکرێنە قژی دەستکرد و دەزوو بۆ چنین و دروستکردنی رایەخ. 

جۆن باپتست، بەڕێوبەری کارگەکە لەوبارەوە دەڵێت: "ئۆگەندا لە دوای هیندستان بە دووەم وڵاتی بەرهەمهێن و بەکارهێنەری مۆز هەژمار دەکرێت. بڕیارمان دا کار بە ریشاڵی مۆز بکەین؛ ملیۆنان تۆن پاشماوەی مۆز دەمێنێتەوە و جووتیارانیش بە دەستییەوە دەناڵێنن، چونکە تەنیا قازانج لە بەربوومەکەی دەکەن."

کارگەکە بۆ هەر کیلۆگرامێک لە ریشاڵی وشکراوی درەختی مۆز، دوو دۆلار و 70 سەنت دەداتە جووتیارەکان. دەرهێنانی ریشاڵ لە قەدی داری مۆز، جگە لەوەی سوودی بۆ جووتیارەکان هەیە، هەلی کاری بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی پاشمەوەی ئەو درەختانە و هەروەها کارگەکانی دروستکردنی رایەخ دروستکردووە.

ئاگرێی موگانگا، سەرۆک تیمە و ئاماژە بەوە دەدات: "بەشداریمان لەو زنجیرەیە داهاتی زیاتر بۆ جووتیاران دەستەبەر دەکات، پاشماوەکان دەگۆڕین بۆ کاڵای بەنرخ و دەفرۆشینە هاوبەشانمان، ئەوانیش دەیفرۆشنەوە. لەپێناو زیادکردنی هەلی کار و داهاتێکی زیاتر ئەو کارە دەکەین، هەروەها بەشداری دەکەین لە بە پیشەسازیکردنی ئۆگاندا و باشترکردنی دۆخی ژیانە ئۆگەندییەکان."

بەرهەمهێنانی مۆز لە ئۆگەندا لە چەند ساڵی رابردوودا زیادیکردووە؛ ئێستا لە پاشماوەکانی قەدی دار رایەخ دروست دەکرێت و هەناردەی ئەوروپا دەکرێن، هەروەها ئەو ریشاڵە بە ئاسانی لە ژینگەدا شیدەبێتەوە و زیانی نابێت.

Fly Erbil Advertisment