12 یاریزانی دیاری ئیتاڵیا له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان

نیكۆڵۆ زانیۆلا و ساندرۆ تۆناڵی
نیكۆڵۆ زانیۆلا و ساندرۆ تۆناڵی

لەم رۆژانە لە ئیتاڵیا بابەتی گرەوکردنی یاریزانەکان لەسەر ئەنجامی یارییەکان، بووەتە بابەتی سەردێری رۆژنامەکانی ئەم وڵاتە و جیهان، سەرچاوەکانی ئەو وڵاتە بڵاویان کردووەتەوە، 12 یاریزان لەسەر ئەم کەیسە لەلایەن پۆلیسەوە لەژێر لێکۆلنیەوەدان کە بەشێکیان یاریزانی دیارن.

ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو بوو کاتێک ئاشکرا بوو نیکۆلۆ فیگیۆلی یاریزانی لاوی یانەی یوڤێنتوس، گرەوی لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە، دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێک، دیار کەوت چەند یاریزانێکی دیکەش بە هەمان شێوە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ماڵپەرە نایاساییەکان گرەویان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە.

یەکێک لەو یاسایانەی کە فیفا و یوێفا بەردەوام جەختی لەسەر دەکەنەوە، دوورکەوتنەوەی یاریزانانە لەسەر گرەوکردن لە ئەنجامی یارییەکان، بەڵام وەکو دیار لە ئیتاڵیا نزیکەی 12 یاریزانی دیار بە شێوەیەکی نایاسایی گرەویان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە.

دوای بانگهێشت کردنی یاریزانە لاوەکەی خانمە پیرەکە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسی گرەوکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان، دواتر دەرکەوت هەر یەکە لە نیکۆلۆ زانیۆلی و ساندرۆ تۆنالی هەردوو یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیاش گرەویان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە.

دوای ئاشکرابونیان ئەو دوو یاریزانە کە خەریکی خۆ ئامادەکردن بوون لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان بۆ پاڵاوتنەکانی یۆرۆی2024، لەلایەن پۆلیسەوە بانگهێشتکران بۆ لێکۆڵینەوە، بۆیە کامپی مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان جێهێشت.

فابریزیۆ کۆرۆنا رۆژنامەنوسی ئیتاڵی، یەکەم کەس بوو ناوی ئەو یاریزانانەی ئاشكرا کرد کە گرەیان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە، ئەو رۆژنامەنوسە ئیتاڵیا ئاشکراشی کردووە، ژمارەی ئەو یاریزانانەی گرەیان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە نزیکەی 12 کەسن.

پۆلیسی ئیتاڵیا بەردەوامە لەسەر لێکۆلینەوەکانی لەگەڵ ئەو یاریزانانەی ناویان ئاشکرا بووە، ئەو یاریزانانەی گرەویان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە، ئەگەر ئەم دەنگۆیانە راست بن، ئەوا چاوەڕێ دەکرێت تووشی سزای قورس ببنەوە و رەنگە ماوەیەک لە یاریگاکان دووربخرێنەوە.

Fly Erbil Advertisment