رۆژنامەنووسی لوبنانی گیزال خوری کۆچی دوایی کرد

گیزال خوری
گیزال خوری

K24 - هەولێر

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، رۆژنامەنووسی لوبنانی گیزال خوری، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، لە تەمەنی 62 ساڵیدا لە بەیروت کۆچی دوایی کرد.

خانمە ئەکتەر رەندە ئەسمەر، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی (بەهاری بەیروت)ـی سەر بە دامەزراوەی سەمیر قەسیر، کە لەلایەن گیزال خوریەوە دامەزراوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "ئەو کەسایەتییە میدیاییە دێرینە "بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە ماڵەکەی خۆیدا کۆچی دوایی کردووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، خوری، ماوەیەکی دوورودرێژە کاری میدیایی دەکات، ئەوەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە دیارترین رۆژنامەنووسانی عەرەب، گوتیشی: "گیزال خوری، ماوەی دووساڵ و نیوە توشی نەخۆشی شێرپەنجەبووە، هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەکرا، بەڵام دوای ئەوەی لە ناکاو دۆخی تەندروستی خراپتر بوو، رۆژی هەینی لەسەر داوای خۆی گواسترایەوە بۆ ماڵەکەی".

ئەسمەر دەشلێت: "گیزال وریا بووە لەوەی کەس هەست بەوە نەکات کە نەخۆشە، بەردەوامیش بووە لە کارەکانی، دامەزراوەی سەمیر قەسیریش لە دڵیدا ئازیز بوو".

گیزال خوری لە ساڵی 1961 لە شاری ئەشرەفیە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لەدایک بووە، خەڵکی شارۆچکەی ئەلعەقیبەی ناوچەی کەسرەوانی باکووری بەیروتە.

خوری چەندین بەرنامەی لە کەناڵە عەرەبییەکانی وەکو ( ئێڵ بی سی لوبنانی، سکای نیوزی عەرەبی، عەرەبیە) پیشکەش کردووە، بەوهۆیەوە بووەتە ناوێکی دیار لە وڵاتانی عەرەبی.