لەمەودوا رەسم و باجی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکان تەنیا بە دینار وەردەگیرێت

K24 - هەولێر
بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران، لەمەودوا رەسم و باجی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکان و خاڵە گومرگییەکان، لە جیاتی دۆلار، دراوی دینار وەردەگیرێت و هەر لایەنێکیش پێیەوە پابەند نەبێ، سزا دەدرێت.
لە نووسراوێکدا بە بڕیارى ژمارە 227ـى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە 20ـی ئەیلوولی 2023 گشتێندراوە، هاتووە: "پشتبەست بە حکومەکانی ماددەى هەشتەم، لە یاساى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژمارە 3ـى ساڵی 1992ـى هەموارکراو، لەسەر پێشنیارى وەزیرى دارایی و ئابووری، بڕیار درا وەرگرتنی رەسمی گومرگی و رەسمی باجی گومرگی لە دەروازە سنوورى و خاڵە گومرگییەکان تەنیا بە دینارى عێراقی بێت."
ئەوەش هاتووە: "سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بڕیارەوە پابەند دەکرێن. لە کاتی سەرپێچیشدا لە دەروازە سنووری و خاڵە گومرگییەکان، لایەنی سەرپێچیکار رووبەڕووی سزا دەبێتەوە".
سەرچاوە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری