رووسیا و چین هاوردەکردنی ماسییان لە ژاپۆنەوە قەدەغەکرد
K24 – هەولێر:
دوای ئەوەی چین بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی ماسی لە ژاپۆن دەرکرد، رووسیاش چووە پاڵ ئەو وڵاتە و تا کاتێکی نادیار راگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی ماسی لە ژاپۆن راگەیاند.
بەهۆی بەردانەوەی ئاوەڕۆکانی وێستگەی ئەتۆمی فۆکۆشیما – 1 بۆ ناو دەریا، چین و رووسیا مەترسییان هەیە لەسەر تێکەڵبوونی پاشماوەی ئەتۆمی لەگەڵ ئاوی دەریا و دروستکردنی کاریگەری نەرێنن لەسەر پێکهاتەی بەرهەمەکانی ماسی.
لەلایەن خۆیەوە، دەستەی فیدراڵی رووسیا بۆ چاودێری بەرهەمە کشتوکاڵی و ئاژەڵییەکان رایگەیاند، لە 16ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، وەک رێکارێکی خۆپارێزی، بڕیار لەسەر راگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی ماسی لە ژاپۆنەوە، خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێشتریش چین بڕیاری راگرتنی بەرهەمی ماسی و خواردنە دەریاییەکانی لە ژاپۆنەوە دەرکرد تا کاتێکی نادیار وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی لە کاریگەرییەکانی پاشماوەی ئەتۆمی لە تێکەڵکردنی ئاوەڕۆکانی وێستگە ئەتۆمییەکەی ژاپۆن بە ئاوی دەریا.
هاوکات دەستە رووسییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیاری راگرتنی هاوردەکردنی ماسی لە ژاپۆنەوە تا ئەوکاتە بەردەوام دەبێت، کە زانیاری تەواو لەبارەی ئەو هەنگاوەی ژاپۆن لەلایەن پسپۆرانی خۆیانەوە دەخرێتەروو بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی بەرهەمە دەریاییە هاوردەکان.
ژاپۆن لە 24ـی ئابی رابردووەوە دەستی کردووە بە بەردانەوەی ئاوەڕۆکانی وێستگەی ئەتۆمی فۆکۆشیما – 1 بۆ ناو دەریا کە ئاماژە بەوەدەکرێت، پاشماوەی ئەتۆمی تێکەڵ بە ئاوەڕۆکان بووە و کاریگەری لەسەر تەندروستی ماسی و بەرهەمەکانی دروست دەکات.
هەرچەندە ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی دڵنیایی داوە لەوەی رێکارەکانی ژاپۆن بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا، چین کە بە گەورەترین هاوردەکاری ماسی لە ژاپۆن دادەنرێ بەتایبەتی لە 2022 بە بەهای زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار خواردنە دەریاییەکانی لە ژاپۆنەوە هاوردەکردووە، بە هەموو شێوەیەک هاوردەکردنی بەرهەمە دەریاییەکانی ئەو وڵاتەی قەدەغەکرد.