وەزارەتی تەندروستی رەتیدەکاتەوە گواستنەوەی نەخۆش بە ئەمبوڵانس کرابێتە پارە

وێنەی سێ ئەمبوڵانس لە نەخۆشخانەی گشتیی کفری (وێنە: ئارام بەختیار -  کوردستان24)
وێنەی سێ ئەمبوڵانس لە نەخۆشخانەی گشتیی کفری (وێنە: ئارام بەختیار - کوردستان24)

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رەتیدەکاتەوە، گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بووبێتە پارە و نرخی بۆ دانرابێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەوە گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن (ئەمبوڵانس) بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بووبێتە پارە و نرخی بۆ دانرابێت و دەڵێت، "بەكار هێنانی ئەمبوڵانسی حكومی بۆ نەخۆش لە هەموو هەرێمی كوردستان بە خۆڕاییە".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، "لەلایەن پەیجێکی سۆشیاڵ میدیا و دوور لە ئەتەكێتی میدیایی، هەواڵێكی چەواشەكارانە بڵاو كراوەتەوە، گوایە گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن (ئەمبوڵانس) بووەتە بە پارە و نرخی بۆ دانراوە، هاووڵاتییانی خۆشەویست دڵنیادەكەینەوە ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستی و گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن بە شەو و بەڕۆژ بە خۆڕاییە".

بە گوتەی سەرکار سورچی، وەزارەتی تەندروستی "بە ڕێنماییەكی تایبەت ڕێگە دەگرێت لە قۆستنەوە و قۆرخكاری لە نرخی گواستنەوەی نەخۆش لە لایەن ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتنی كەرتی تایبەت (ئەمبوڵانسی ئەهلی)؛ نرخەكان كەمكراوەتەوە و سنوورداركراوە و یەكخراوە بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان".

لە هەرێمی کوردستان 135 نەخۆشخانە و 1047 بنکە خزمەتی تەندروستی پێشکەش دەکەن

بە پێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی؛ لە هەرێمی کوردستان، 135 نەخۆشخانە ( 52 ئەهلی و 83 حکومی) و هەزار و 47 بنکەى تەندروستی هەن، کە بنکەکان 16%یان دەکەونە شارەکان، 32% دەکەونە قەزاکان، 11% لە ناحیەکان و 41% لە گوندەکانن. بەوەش ڕێژەى هەرە بەرزی بنکە تەندروستییەکان، کە خزمەتگوزاریی گونجاویان تێدا پێشکەش دەکرێت و فشار لەسەر نەخۆشخانەکان کەم دەکەنەوە، کەوتوونەتە ناوچە گوندنشینەکانی کوردستان.

لە بارەى ژمارەى قەرەوێلەى ئامادەکراو بۆ مانەوەی نەخۆشەکان، کە یەکێکی دیکە لە پێنوێنەکانی پێهەستانی کارایانەى کەرتی تەندروستییە، کۆی گشتیی قەرەوێڵەى بەردەست، 11 هەزار و 147 قەرەوێڵەن، کە 8هەزار و 179یان لە کەرتی حکومیدان و 2 هەزار و 968 قەرەوێڵەی لە کەرتی تایبەتدان.

کۆی ژمارەى پزیشکان لە هەرێمی کوردستان 7 هەزار و 871 پزیشکە. کە لە دابەشبوونیان بۆ هەر 10 هەزار کەسێک، لە پێش عێراقەوەیە. لە ڕووی کۆی پزیشکانی ددانیش بۆ هەر 10 هەزار کەسێک، هەزار و 464 پزیشکی هەیە و لە پێش وڵاتانی ئێران و سعودیەوەیە. بۆ ژمارەى پەرستارانیش خاوەنی 22 هەزار و 147 پەرستارە، کە ڕێژەى هەرە بەرزیان کچ و ژنن و لە دابەشکردنیدا بۆ سەر هەر 10 هەزار کەسێک، لە پێش لوبنان و سووریاوەیە.

کۆى گشتیی ئەو ئامێرە ستراتیجییە پزیشکییانەى لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەن و لە کاردان، 6 هەزار و 177 ئامێرن و بەردەوامیش لە زیادکردندان.

لە ساڵی 2022دا، 232 هەزار و 532 نەشتەرگەریی جۆراوجۆرى سەرووگەورە و گەورە و ناوەند و بچووک لە پسپۆڕیی جیاجیادا کراون و ئەمەش ڕۆڵی هەبووە لەوەى چارەخوازان کەمتر ڕوو لە دەرەوەى کوردستان بکەن و تێچوونی زیاتریان نەڕوات.

کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرباری بارودۆخی تایبەتی دارایی و پەتاى کۆرۆنا، هەوڵی زۆرى داوە ژێرخانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ببووژێنێتەوە و لەو کارنامەیەشدا ئامانجییەتی هێز و توانا و پێگەى دامەزراوە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی کەرتی حکومی زیاتر بەرز بکاتەوە، تاکوو بگاتە ئاستێکی نزیکی پێوەرى جیهانی.