هەناردەی نەوتی خاوی سعوودیە بۆ نزمترین ئاستی 28 مانگی رابردوو دابەزی

یەکێک لە پاڵاوگە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی - وێنە: ئاژانسەکان
یەکێک لە پاڵاوگە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی - وێنە: ئاژانسەکان

K24 – هەولێر:

بە گوێرەی زانیارییەکانی دەستپێشخەری ئامارەکانی رێکخراوە هاوبەشەکان (JODI) کە رۆژی دووشەممە (16ـی تشرینی یەکەمی 2023) بڵاوکراوەتەوە، هەناردەکردنی نەوتی خاوی سعوودیە لە مانگی ئابی ئەمساڵ بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی 28 مانگی رابردوودا دابەزیووە، چونکە وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاو لە جیهاندا بەردەوام بووە لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە ئامانجی "سەقامگیری" بازاڕ.

بەپێی دوایین ئامارەکان، هەناردەی نەوتی خاوی سعوودیە لە مانگی ئابدا بۆ 5.58 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیووە، ئەمەش بە بەراورد بە مانگی تەمموزی پێشتر، 428 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا پاشەکشەی کردووە، ئەمەش نزمترین ئاستە لە ماوەی 28 مانگی رابردوودا.

هەناردەی نەوتی خاوی سعوودیە لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە بەشێوەیەکی بەردەوام دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە، لە کاتێکدا لە مانگی یەک زیاتر لە 7.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بووە، ئەمەش بەهۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک پلەس، کە تێیدا سعوودیە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەمهێنانی کەمکردووەتەوە، هەروەها بەهۆی کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی سعوودیە، بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، هاوکات لە دوایین هەوڵی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس تا کۆتایی ئەمساڵ درێژکرایەوە.

لە مانگی ئابدا بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی سعوودیە بە 95 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیووە و گەیشتووەتە 8.92 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە کەمترین ئاستە لە ماوەی 27 مانگی رابردوودا، هەروەها بەپێی ئامارەکانی دەستپێشخەری ئامارەکانی رێکخراوە هاوبەشەکان (JODI) سعوودیە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ دەستیکرد بە جێبەجێکردنی کەمکردنەوە خۆبەخشانەی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

دوای درێژکردنەوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان بۆ ماوەی دوو مانگی لەسەریەک، سعوودیە لە مانگی ئەیلوول رایگەیاند کە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەی خۆبەخشانە تا کۆتایی ساڵی 2023 درێژدەکاتەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگە، سعوودیە و رووسیا، هاوبەشە سەرەکییەکانی ئۆپێک پڵەس، رایانگەیاند، سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لە مانگی ئەیلوول، کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوتیان بۆ مانگی یانزە وەک خۆی دەهێڵنەوە.

هەردوو گەورە بەرهەمهێنەری نەوتی خاو، سعوودیە و رووسیا دووپاتیان کردووەتەوە کە کەمکردنەوەی بەردەوامی خستنەڕووی نەوت بە ئامانجی هێشتنەوەی سەقامگیری و هاوسەنگییە لە بازاڕەکانی نەوت.

کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە و دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوتی خاو، بازاڕی نەوتی لە چەند مانگی رابردوودا توندترکردووە. هاوکات دابەزینی ئاستی خستنەڕووی نەوت، نرخەکانی نەوتی خاوی لە کۆتایی مانگی ئەیلوول بۆ بەرزترین ئاستی ئەمساڵ بەرزکردەوە.

ئامادەکردنی: یادگار سەدیق