کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم و وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم و وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی 18/10/2023 - فۆتۆ: شڤان جەباری
کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم و وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی 18/10/2023 - فۆتۆ: شڤان جەباری

K24 – هەولێر

کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغدا دەستیپێکرد.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکرد، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاری لەبارەی داهات و خەرجییەکان دەخاتەڕوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکیان ئامادەکردووە کە لە کۆبوونەوەکە دەیخەنەڕوو، لەو راپۆرتەدا بە وردی داتای مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، داهات و خەرجییەکانی روونکراوەتەوە، پێشتریش دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و چاودێری دارایی حکومەتی عێراق راپۆرتەکەیان بینیووە و داتاکان لای ئەوان پەسندکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات ته‌یف سامی وەزیری دارایی عێراقیش راپۆرتێکی ئامادەکردووە و لە کۆبوونەوەکە دەیخوێنێتەوە، ئەو پەرلەمانتارانەی بەشداری کۆبوونەوەکەن، چەندین پرسیاریان ئامادەکردووە، کە ئاراستەی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بکەن.

دوێنێ سێشەممە 17/10/2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەردانی بەغدایان کرد.

 نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستانی24ـی گوت: "شاندی هەرێمی کوردستان دێنە لیژنەی دارایی، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە لەلایەن لیژنەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، لەسەر بابەتی بڕگەکانی 12 و13 لە یاسایی بودجە، ئەوەی پەیوەستە بە داهاتە نانەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان و ئەو نەوتەی کە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، هەروەها میلاکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەدەنی، سەربازی، خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی، ئەو بڕە پارەیەی کە مانگانە بۆ مووچەکانیان پێویستە، هەموو ئەوانە لیژنەی دارایی بە نووسراوێک ئاراستەی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە".