حوسێن فلامەرز: پێویستە پلانی ستراتیژی و كورتخایه‌ن بۆ كه‌رتی بانكیی دابندرێت

K24 - هەولێر:

حوسێن فلامەرز راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆنفرانسی دەرفەتەکانی گەشەکردن و داهاتووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان، بایەخێکی زۆری لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی بانکی عێراقدا هەیە.

فلامەرز دەشڵێت، پێویستە پلانێکی ستراتیژی درێژخایەن و پلانێکیش بۆ کێشە هەنووکەییەکان دابنێین.

ئه‌و راوێژکاره‌ی سەرۆکوەزیرانی عێراق هه‌روه‌ها گوتی: "گرنگیی کۆنفرانسی دەرفەتەکانی گەشەکردن و داهاتووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان، لە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا دەردەکەوێت".

گوتیشی: "بایەخی ئەم کۆنفرانسە لەوەدایە، عێراق گیروگرفتی زۆری لە کەرتی بانکیدا هەیە، چ لەسەر ئاستی رێکخستن و کارگێڕی، چ لەسەر ئاستی مافی خەڵك، پێموایە ئەم کۆنفرانسە سەرەتایەکە و هیوادارم لە پێشنیازەکاندا ئەوە جێگیر بکرێت کە هەموو بەشێکی بانک لیژنەیەک پسپۆڕ و شارەزای هەبێت".

هه‌ر له‌باره‌ی کۆنفرانسی دەرفەتەکانی گەشەکردن و داهاتووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "بینیمان ئامادەبوونێکی زۆرباش هەبوو و چەند بڕیارێکیش دەکران، ئەمە وامان لێدەکات بە رژدی کار بکەین و پلانێکی درێژخایەن بۆ دانانی ستراتیژیەتێکی درووست دابنێین، لە هەمان کاتدا پلانێکی کورتخایەنیش بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە هەنووکەییانەی سەقامی عێراقیان شپرزە کردووە".

ئەمڕۆ شەممە 21/10/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی موحسین ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیى عێراق، و  سەرۆکی  کۆمەڵە بانکە ئەهلییەکانی عێراق و ژمارەیەک بانکی ئەهلی عێراقی و ژمارەیەکی دیکە لە بانکی وڵاتانی عەرەبی، کۆنفراسی دەرفەتەکانی گەشەکردن و داهاتووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان لە هەولێر به‌ڕێوه‌چوو.

له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، دروستکردنی سیستەمێکی بانکی بەهێز، ئامانجێکی سەرەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە و کاردەکەن بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment