پاپای ڤاتیکان پێشوازی لە کاردیناڵ لویس ساکۆ کرد

پاپای ڤاتیکان و کاردیناڵ لویس ساکۆ
پاپای ڤاتیکان و کاردیناڵ لویس ساکۆ

K24 – هەولێر:

پاپا فرانسیس لە ڤاتیکان پێشوازی لە کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریاركی کەنیسەی كلدانی له‌ عێراق و جیهان کرد و دیدارێکی تایبەتیان ئەنجامدا.

رۆژی شەممە (21ـی تشرینی یەکەمی 2023) ڤاتیکان و پێگەی فەرمی پاتریارکی کلدانی بڵاویانکردەوە، لە کۆشکی تایبەتی ڤاتیکان، پاپا فرانسیس پێشوازی لە کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریاركی کەنیسەی كلدانی له‌ عێراق و جیهان کردووە و پێکەوە دیدارێکی تایبەتیان هەبووە.

لە ماوەی رابردوو کریستیانەکانی عێراق رووبەڕووی چەندین کێشە بوونەتەوە و لە چەندین هەڵوێستدا ئاماژەیان بەوەکردووە، لە عێراقدا رێگری لە کاروبارەکانیان دەکرێت و بۆ بەرژەوەندی لایەنێک دژایەتییان دەکرێت، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا، ئەمەش وایکرد رۆژی (21ـی تەمموزی 2023) کاردیناڵ لویس ساکۆ، وەک هەڵوێستێک بەغدا جێهێشت و چالاکی و کاروبارەکانی کەنیسەی کلدانییان گواستەوە بۆ شاری هەولێر.

لە (1ـی ئابی 2023)ـدا کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، لە پەیامێکدا کە بۆ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ناردوویەتی، داوا دەکات سەرۆککۆمار مەرسومێکی نوێی سەرۆکایەتی دەربکات و تێیدا وەکو سەرۆکی باڵای کەنیسەی کلدان و کاردیناڵی کەنیسەی کاسۆلیکی و بەرپرسی هەموو ئەوقافەکان بیناسێت.

هەروەها پێشتریش كاردیناڵ لویس ساكۆ پاتریاركی کەنیسەی كلدانی له‌ عێراق و جیهان، لە په‌یامێکدا لە کۆتایی مانگی تەمموزی رابردوو کە ئاڕاسته‌ی سه‌رۆككۆمار، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و گه‌لی كریستیان له‌ عێراق کردبوو ئاماژەی بە کێشەکان کرد و رایگەیاند، له‌لایه‌ن بزووتنەوەی بابیلۆنەوە رووبه‌ڕووی هه‌ڵمه‌تێكی ناڕه‌واو سووكایه‌تیكردن بوونه‌ته‌وه‌. هەروەها كشانه‌وه‌ی مه‌رسومی كۆماری، رووداوێكه‌ له ‌عێراقدا وێنه‌ی نه‌بووه‌، ئه‌و هه‌موو رووداوه‌ چاره‌نووسسازانه‌ نازانین كه‌ی كۆتاییان دێت و له‌ دادگاش له‌سه‌ر داوا‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بن.

پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم بڕیارە درا بۆ بەدیهێنانی خواستی بابليۆن بە دەرکردنی فەرمانێک کە ره‌یان سالم دۆدا بە بەرپرسی ئەوقافی کڵێسا و ئەسوانی خوشکی وەک جێگری دەستنیشان بكه‌ن، هه‌روه‌ها سەرمەدی خوشكیشی بكرێته‌ بەرپرسی دارايي و وەسامەی برای بكرێته‌ بەرپرسی پاراستن له‌ دەشتی نەینەوا و له‌ ماڵی كریستیانه‌كان لە تلکیف پاره‌ كۆبكه‌نه‌وه"‌.

رۆژی شەممە (15ـی تەمموزی 2023)، پاتریاركی كه‌نیسه‌ی كلدانی له‌ عێراق و جیهان رایگەیاند، بڕیاریانداوه‌ له‌ به‌غدا بكشێنه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵات و چالاکییەکانیان بۆ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان بگوازنه‌وه‌، دوای ئەوەی رۆژی (13ـی تەمموزی 2023)، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ نووسراوێکی ئاراستەی بنکەی پۆلیسی مەنسور کردووە، بە مەبەستی بانگهێشتکردنی کاردینال لویس ساکۆ پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان.

ئەم پێشهاتەش دوای ئەوە هات، لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراق لە (3ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسای کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.

دوای ئەوەش رۆژی (5ـی تشرینی یەکەمی 2023)، سەرچاوەیەک لە نووسینگەی کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریاکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان بە کوردستان24ی راگەیاند، کاردیناڵ لویس ساکۆ لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لە دژی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکردووە، لەبەرامبەر کشانەوەی مەرسومێکی کۆماری، کە کاردیناڵ لویس ساکۆ وەک پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان دەناسێنێت.

سەرەتای مانگی ئایاری رابردوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کاردینال لویس رافایل ساکۆ رایگەیاند، ئەو هاوشێوەی سیستانی کە مەرجعی باڵای شیعەکانە، ئەویش مەرجی کریستیانەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیاسییەوە نییە و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە رەیان کلدانی نوێنەرایەتی کریستیانەکان ناکات و بەوەش تۆمەتباری کرد کە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی کڵێساکانی پارێزگای نەینەوا دەدات.

هاوکات سەرۆکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان هۆشداریدایە حکومەتی عێراق، ئەگەر لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دژی کریستانەکان دەکرێت، نەیەتە دەنگ ئەوا پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەن.

Fly Erbil Advertisment