فیلمێکی شەوکەت ئەمین لە هەولێر نمایش کرا

K24 - هەولێر
فیلمی بڵندی سینەمایی "ئەزموون"، کە لە نووسین و دەرهێنانی گەورە دەرهێنەری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و نواندنی حەمە رەشید هەرەس، هوشیار زێڕۆ، شوان عەتووف، نیگار عوسمان، ئاڤان جەمال، کاوە قادر، ڤانیا سالار، عادل عەبدولرەحمانە، دوای بەشداربوون لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمایی و بەدەستهێنانی چەند خەڵاتێک لە میانی بەشداربوون لە فێستیڤاڵە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا، لە چوارچێوەی هەفتەی هەشتەمی وەرزی پایزەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێر لە سەنتەری ئاڵا نمایش کرا.
ناوەڕۆکی ئەم فیلمە باس لە رۆڵی کارەکتەرێکی قوتابی دەکات، کە بەهۆی ترس لە خانەوادەکەی و بەدەست نەهێنانی نمرە و سەرکەوتن لە خوێندن پەنا دەباتە بەر گزی (قۆپیە) کردن بە هاوکاری باندێکی ترسناک و پێدانی ئامێرێکی پێشکەوتوو بۆ وەڵامی پرسیاری ئەزموونەکانی کۆتایی ساڵ، لەم نێوەندەشدا کچە قوتابیەکە زێڕ و بڕه پارەیەک دەدات بە باندەکە تا هاوکاری سەرکەوتنی بن لەم قۆناغەی خوێندن دا دواجار تووشی دەیان کێشە و گرفتی دیکەی کۆمەڵایەتی و یاسایی دەبێتەوە.
هوشیار زێڕۆ، کە بە رۆڵی سەرۆک باندەکە لەم فیلمە سینەماییەدا بەشدار بۆ کوردستان24 دەڵێت: ئەم فیلمە چیرۆکێکی راستەقینەیە و لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان روویداوە ئێمە وەک ستافێکی هونەری لەگەڵ دەرهێنەر بیرۆکەکەمان گواستەوە بۆ نێو فیلم.
ئامانجیشمان ئەوەیه، رێگری لەم ساختەکاری و حاڵەتە نابەجێیانەدا بکرێت، چونکە سەر ئەنجام ئەم کارانە کاریگەریی خراپیان دەبێت بۆ کۆمەڵگە و قوتابی سەرکەوتووش لەم ئەزموونەدا هیچ زانیارییەکی ئەوتۆی نابێت.


