ئەنتۆنی بلینکن: حەماس نوێنەرایەتی گەلی فەڵەستین ناکات

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا. وێنە:AFP
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا. وێنە:AFP

K24 - هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، رایدەگەیەنێت، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هاووڵاتییانی سڤیلی فەڵەستینی وەک قەڵغانی مرۆیی لە جەنگەکەدا بەکاردێنن. ناوبراو  گوتیشی: ئیسرائیل مافی خۆیتی بەرگری لەخۆی بکات و ئەمەریکاش هەمیشە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە (24ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە نیویۆڕک کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی جەنگی ئیسرائیل و حەماس بەڕێوەچوو.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە میانەی گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، لە چەندین لایەنەوە گوێبیست بوومە لە ناوچەکە، دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەهەمان شێوە هێرشی کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاش، ئێمە سەرکۆنەی ئەم کارە دەکەین و مافی رەوا دەدەین بە ئیسرائیل بەرگری لەخۆی  بکات لە هێرشی تیرۆرستی.

هەروەها راشیگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی حەماس خەڵکی گەنج گیانیان لەدەستدا، خێزانەکان بە زیندوویی ئاگریان تێبەردرا و سووتێندران، دایک و باوک لەبەردەم منداڵەکانیاندا کوژران، هەروەها منداڵ لەبەردەم دایک و باوکیان کوژران، زۆرێک لە خەڵکیش وەک بارمتە دەستبەسەر کراون.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: دەبێت بپرسین ئەم توڕەییە لەکوی سەریهەڵدا؟ کوا سەرکۆنەی ئەم کارانە لەکوێیە، پێویستە ئێمە پشتگیری لە راستییەکان بکەین و پێویستە پشتگیری لە مافی هەر وڵاتێک بکەین کە بەرگری لەخۆی بکات و رێگری بکات لەم جۆرە گرژییانە.

بلینکن، باسی لەوەشکرد، هەموو کردەوە تیرۆرستییەکان نایاسایی و نادادپەروەرین لەلایەن هەر گرووپێکی تیرۆرستییەوە بێت، لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لانیکەم 33 کەسی ئەمەریکی بوونە قوربانی، جەختیشی لەوەکردەوە، هاوڕا و کۆکین بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لەو جەنگەدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی: ئێمە دەزانین حەماس نوێنەرایەتی خەڵکی فەڵەستین ناکات، خەڵکی سڤیلی فەڵەستین شایەنی ئەوە نین بەهۆی کارەکانی بزووتنەوەی حەماسەوە سزا بدرێن و پێویستتە بپارێزرێن، بەهۆی ئەوەی حەماس هەوڵ دەدات هاووڵاتیی سڤیلی فەڵەستینی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاربهێنێت.

گوتیشی: ئیسرائیل پێویستە هەموو کارێک بکات بۆ ئەوەی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل پارێزراو بن، پێویستە ئاو، کارەبا و هەموو پیداویستییە سەرەتاییەکان بگەیەندرێنە غەززە، هەروەها خەڵکی سڤیل پێویستە لەو ناوچانە دووربکەونەوە کە جەنگی تێدایە بۆ ئەوەی پارێزراو بن.

ئەنتۆنی بلینکن، ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئیسرائیل، میسر و هاوپەیمانانمان لە وڵاتانی دیکە، بۆ ئەوەی میکانزمێک فەراهم بکەین و هاوکارییە مرۆییەکان بەردەوام بگەیەنینە غەززە بەبێ ئەوەی بگاتە دەستی حەماس و گرووپی تیرۆرستی دیکە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: پێویستە سەرکۆنەی هێرشەکانی حەماس بکەین، هەروەها پڕۆژە یاسایەک لەبارەی غەززە پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین.

ئەنتۆنی بلینکن، دووپاتیکردەوە، هەموومان پابەندین بە رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگەکە، بەرپرسیارییەتیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ئەنجوومەنە بۆ سەقامگیری ئاشتی و ئاسایش، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی حەماس کردی نەک تەنیا بۆ خەڵکی فەڵەستین و ئیسرائیل کارەسات بوو، بەڵکوو بۆ تەواوی خەڵکی ناوچەکە و تەواوی خەڵکی جیهان بووەتە کارەسات.

بلینکن، جەختیشی لەوە کردەوە، ئەمەریکا نایەوێت لەگەڵ ئێران تووشی جەنگ بێت، بەڵام ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لەسەر هێرشکردن بۆ سەر سەربازگەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریکا بە توندی بەرپەرچی ئەو هێرشانە دەداتەوە. گوتیشی: ئەمەریکا بەرگری لەخۆی و هاووڵاتییانی خۆی دەکات لە هەر هێرشێکی نەخوازراو.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.