سوپای ئیسرائیل: داوای سووتەمەنی لە حەماس بکەن

K24 - هەولێر

رۆژی سێشەممە، سوپای ئیسرائیل داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، داوای دابینکردنی سووتەمەنی لە بزووتنەوەی حەماس بکات، دوای ئەوەی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) هۆشداریدا لەوەی کە ئەگەر سووتەمەنی نەچێتە ناو کەرتی غەززەی فەڵەستین، ئیسرائیل ناچار دەبێت ئۆپەراسیۆنەکانی ئێوارەی چوارشەممە رابگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی یەکەم، بەگوێرەی ئاژانسی سکای نیوز، سوپای ئیسرائیل لە پلاتفۆڕمی" X" وێنەیەکی بڵاوکردەوە، کە بە گوتەی خۆی تانکی سووتەمەنییە لە غەززە، کە "زیاتر لە 500 هەزار لیتر سووتەمەنی تێدایە".

سوپای ئیسرائیل نوسیوویەتی: "داوای سوتەمەنی لە حەماس بکە و هەندێک لە سووتەمەنی بەدەست دەهێنیت".

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رۆژی سێشەممە هەندێک لە بارهەڵگرەکانی هاوکاری بۆ خەڵکی سڤیلی فەڵەستینی چوونەتە ناو کەرتی غەززە، هاوکات جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکاش ئاماژەی بەوەکردووە، هەوڵە مرۆییەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری بە کەرتی غەززە، بەشێوەیەکی پێویست نییە".

رێکخراوی نێودەوڵەتی خاچی سوور پێشتر رایگەیاندبوو، رۆژی سێشەممە، 20 بارهەڵگر نەیانتوانی لە میسرەوە لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە بپەڕنەوە بۆ غەززە.

راشیگەیاند، هەشت بارهەڵگر ئاو و خواردن و دەرمانی هێناوە بۆ غەززە، بەڵام زۆر دواکەوتووە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە پەیوەندییەکدا، لەگەڵ میسر و ئیسرائیلدا، گفتوگۆیان کردووە تاوەکو هەرچی زووە هاوکارییەکان بگاتە ناو کەرتی غەززە.

دوای ئەوەی لە رۆژی شەممەی رابردووەوە، 54 بارهەڵگری هاوکاری ئاو، خواردن و دەرمان، گەیەندراوەتە کەرتی غەززە، لەوبارەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس دەڵێ، ئەو هاوکاریانە دڵۆپێکە لە زەریا.

بەرەبەیانی رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچە جولەکە نیشینەکان کرد، لە وەڵامی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس، سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنی شمشێری ئاسنینی راگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشانەوە تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزارو 670 هاووڵاتی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ژمارەی بریندارەکانیش ده‌هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه‌.

ئا: لاڤین عومەر