ئۆنروا: لە کەرتی غەززە 600 هەزار ئاوارە پەنایان بۆ بارەگاکانمان هێناوە
K24 - هەولێر
ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (ئۆنروا) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، پەناگەکانیان لە کەرتی غەززە بە زیاتر لە چوار هێندەی توانای خۆیان کاردەکەن، گوتیشی: لانیکەم 40 لە دامەزراوەکانی ئەو وڵاتە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری شەڕەکەوە.
ئاژانسی (ئۆنروا) لەسەر پلاتفۆرمی "X" رایگەیاند، نزیکەی 600 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی پەنایان بۆ 150 لە دامەزراوەکانی بردووە، دەشڵێت: خەڵکێکی زۆر لە شەقامەکاندا دەخەون، چونکە دامەزراوەکانی ئۆنروا ئێستا قەرەباڵغن.
عەدنان ئەبو حەسنا، گوتەبێژی ئۆنروا، رایگەیاند، بەشێکی زۆری ناوەندەکانی ئاژانسەکە لەکەرتی غەززە، بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە توانای خزمەتگوزارییان نەماوە.
باسی لەوەشکرد، بارەگای ئۆنروا، کە بارەگای کۆمیساری گشتییە، زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و لە خزمەتگوزاری دەرچووە، هەروەها بارەگای دابینکردنی خزمەتگوزاری لە غەززە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەو پێیەی هیچ شوێنێکی سەلامەت لە غەززەدا نییە، چ سەر بەئۆنروا بێت یان ئەوانی دیکە.
بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) لیواکانی عزەددین قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش بریندار بوون.