نووسەر و رۆژنامەنووس کارزان کۆیی کۆچی دواییکرد

K24 - هەولێر
نووسەر و رۆژنامەنووس کارزان کۆیی بەهۆی نەخۆشییەوە لە قاهیرەی پایتەختی میسر کۆچی دواییکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2023، لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیەنداروێکدا ئەوەی خستەڕوو، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، کاران کۆیی، نووسەر، شاعیر و رۆژنامەنووس بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.
کارزان کۆیی ماوەیەک بوو بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی سەردانی قاهیرەی پایتەختی میسر کردبوو؛ دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی تەندروستییەوە، لەو وڵاتە گیانی لەدەستدا.
کارزان مستەفا سابیر، ناسراو بە (کارزان کۆیی)، لە ساڵی 1970 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لە ساڵی 1999 دەستی بە نووسین و بڵاوکردنەوەی شیعر و گوتاری سیاسی کردووە و، بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە چەند دەزگایەکی راگەیاندن کاری رۆژنامەوانی کردووە.
توێژینەوەی لەسەر پرسە هەستیارییەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی ئەنجام داوە و ژمارەیەک کتێبی چاپکردووە و بڵاوکردووەتەوە، لەوانەش (مەی لە ڕوانگەی ئاینی ئیسلامەوە) و (دکتۆر تەها ڕەسوڵ پێکهاتەیەک لە خاک و مرۆڤایەتی).