وەزیری بەرگری رووسیا سەردانی ناوچەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئۆکرانیا دەکات
K24 - هەولێر
سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری رووسیا سەردانی ناوچەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئۆکرانیای کرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سەربازی کۆبووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سێرگی شویگۆ بە هێلیکۆپتەر گەیشتۆتە ناوەندی ڤۆستۆک لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، هاوکات لەلایەن فەرماندە سەربازییەکان راپۆرتێکیان نیشانداوە سەبارەت بە بارودۆخی بەرەی پێشەوەی شەڕ و مەشقکردن بە یەکە تایبەتەکانی رووسیا کە ئەرکییان فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانە.
وەزیری بەرگری رووسیا، سەبارەت بە کەلوپەلی گەرمکەرەوەی سەربازەکان، گفتوگۆی لەگەڵ کارمەندانی باڵای سەربازی کردووە، بۆ ئەوەی بزانێت پێش هاتنی وەرزی زستان پێداویستیەکانییان چین.
ئەم سەردانەی شویگۆ لەکاتێکدایە، کە هێزەکانی رووسیا لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا هێرشەکانیان بۆ سەر شاری ئەڤدیڤکای پیشەسازی لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا چڕتر کردووەتەوە.
لە شوباتی 2022 رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد و بەدەیان هەزار کەس کوژران و زیاتر لە پێنج ملیۆن ئۆکرانیش ئاوارەبوون.