وادەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی راگەیەندرا

K24 - هەولێر
ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی رۆژی شەممە، 28ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، وەک یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی کۆبووەوە. بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران، هەروەها باسیش لەوەکرا، کە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسیارەتی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە داراییەکانی بەردەم پرۆسەی خوێندن لە ئەستۆ بگرن".
ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی جەخت لەوە دەکاتەوە، "لەپێناو خەمخۆریمان بۆ ئایندەی قوتابیان و خوێندکاران بۆ ساڵی نوێ، بڕیاردرا رۆژی شەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2023، وەک دەستپێکی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی نوێ (2023 - 2024) دیاریبکرێت".
زانکۆی سلێمانی داوا لە خوێندکارانی دەکات، بەپێی خشتەی وانەی کۆلێژەکان سەردانی زانکۆکان و بەشە ناوخۆیی زانکۆکان بکەنەوە.