بایدن: دۆخی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ناگەڕێتەوە بۆ 6ـی ئۆکتۆبەر

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

سەرۆکی ئەمەریکا جەخت لە بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی لای حەماس دەکاتەوە.جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە کاردەکەن بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان لە دەستی چەکدارانی حەماس.

ئەمڕۆ چوارشەممە (25ـی تشرینی یەکەمی 2023)، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا رایگەیاند، ئێمە بەردەوام لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە کاردەکەین بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، لە نێویشیاندا، ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە غەززە بەجێماون و لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون.

ئاماژەی بەوەشدا، کاردەکەین بۆ دابینکردنی رێگەیەکی سەلامەت بۆ رزگارکردنی بارمتەکان لە غەززە، نەک تەنیا ئەمریکییەکان بەڵکو ئوسترالی و تەواوی هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە، کە لە غەززە گیرایان خواردووە.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان بە شێوەیەکی یەکسانی شایەنی ئەوەن بەیەکەوە لە ئاشتی و ئاسایش و بە شکۆمەندی بژین.

سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت: پێویستە هەموو هەوڵەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەت یەک بخرێت.

بایدن، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە حەماس نوێنەرایەتی زۆرینەی رەهای گەلی فەڵەستین ناکات.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: دۆخی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ناگەڕێتەوە بۆ 6ـی ئۆکتۆبەر.

بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) لیواکانی عزەددین قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش بریندار بوون.