لایەنە سیاسییەکان خۆیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئامادە دەکەن
K24 - هەولێر
گوتەبێژی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەستدەکرێت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان. گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیش دەڵێت: بەپێی ئەو هەنگاوانەی كۆمیسیۆن ناویەتی، ئامادەكاریمان كردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26 تشرینی یەکەمی 2023، جومانە غەلای، گوتەبیژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بڕیاریداوە، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 31ی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو، 1ی تشرینی دووەمی 2023 دەستپێدەکات".
جومانە غەلای گوتیشی: "رۆژێک پێش دەنگدانی تایبەت بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگیرێت، چونکە دەنگدانی تایبەت لە 16/12/2023 و دەنگدانی گشتیش لە 18/12/2023 دەستپێدەکات".
لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیش خۆیان ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی لەو پارێزگایانەی کاندیدیان هەیە، بانگەشەکە دەستپێبکەن. هاوار محەممەد، گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بە کوردستان24ـی گوت: "هیچ رێگریی و ئاستەنگییەك نابینم لە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن، لەبەر ئەوەی ئاشكرایە لای هەموو لایەک، هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، لەلایەك ماوە یاساییەكەی زۆر تێپەڕیوە، لەسەر وادەی یاسایی خۆی، لەلایەكی دیکەشەوە ئێستا لەلایەن دادگای فیدراڵی لە رووی یاساییەوە پەرلەمانی كوردستان پەكخراوە، ئێستا هیچ دامەزراوەیەكی یاسایی نییە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە گرنگە لە وادەی دیاریكراوی خۆی هەڵبژاردن بكرێت".
گوتیشی: "بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، وەک دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بەپێی ئەو هەنگاوانەی كۆمسیۆن ناویەتی ئامادەكاریمان كردووە".
وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 ههزار و 81 كهس مافی دهنگدانیان ههیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 7765 بنکەی دهنگدان کە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورست و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ژنان.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ژمارەی کاندیدانی هەڵبژارنی ئەنجومەنی پارێزگاکان گەیشتووەتە نزیکەی شەش هەزار کاندید.
سەبارەت بە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هاوار محەممەد، ئەوەشی خستەڕوو: "بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، بەپێی ئەو خشتە کاتییەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، لە هەوڵداین ئامادەکارییەکان دەست پێبکەین و لە ناویشیان دیاریکردنی کاندیدەکان، کە ئێستا خوێندنەوەیان بۆ دەکەین، دواتر پێشکەش بە کۆمسیۆن بکرێت".
ئاشکرای کرد، کە تا ئێستا کاندیدەکانیان دەستنیشان نەکراوە، بەڵام بەو پێیەی کە هەر قەوارەیەکی سیاسی دەتوانێت 100 کاندید پێشکەش بە کۆمسیۆن بکات، پارتی دیموکراتی کوردستانیش 100 کاندید پێشکەش بە کۆمسیۆن دەکات لەناویشیاندا 30% رێژەی ئافرەت دەبێت.
رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.
دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە "نایاسایی" ناساند.
ئا: لاڤین عومەر