باسم عەوادی: حکومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی لە کەرکووک دەکات

باسم عه‌وادی، گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق
باسم عه‌وادی، گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق

K24 – هەولێر:

حکومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دەکات بە پێشکەشکردنی بارەگای سەرکردایەتی خۆی لە شارەکە بە زانکۆی کەرکووک.

رۆژی پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات بۆ پێشکەشکردنی بارەگاکەی خۆی بە زانکۆی کەرکووک.

باسم عەوادی رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم دەستپێشخەرییە حەکیمانەیە بەرز دەنرخێنێت.

هاوکات گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لەسەر پێداگیری حکومەت دەکاتەوە سەبارەت بە سەقامگیری ئاسایش و پێکەوەژیان و برایەتی لە کەرکووک و تەواوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی کارنامەی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی سەروەری یاسا.

لە کۆبوونەوەی 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، له‌پێناو پاراستنی گیانی ته‌بایی و سه‌قامگیری شارەکە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، بڕیاریدا بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی خۆی لە کەرکووک ببەخشێتە زانکۆی کەرکووک و بیکاتە دیاری بۆ قوتابییان و پرۆسه‌ی خوێندن و رۆشنبیری و پێشخستنی شاره‌كه.

پێشتر لە رۆژی (12ـی تشرینی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی و پابەندبوونی یاسایی هەموو لایەنەکانیش بەو بڕیارەی یەکلایی کردەوە، کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە.