واشنتن سزای بەسەر بەرپرسانی حەماس و سوپای پاسدارانی ئێراندا سەپاند

ئاڵای ئه‌مه‌ریكا
ئاڵای ئه‌مه‌ریكا

K24 - هەولێر:

ئەمه‌ریکا پاکێجێکی دیکەی سزای بەسەر بەرپرسانی حەماس و سوپای پاسدارانی ئێراندا سەپاند.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا ئه‌مڕۆ هه‌ینی 27ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023 بڵاویکردەوە، لە بەرامبەر هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، دووەم پاکێجی سزایان بەسەر بەرپرسێکی حەماس لە تاران و چەند بەرپرسێکی دیکەی سوپای پاسدارانی ئێراندا سەپاندووە، کە هاوکاری حەماس و حیزبوڵڵایان کردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، سزایان بەسەر دامەزراوەیەکی دیکەی حەماسدا سەپاندووە، کە وەک پردێک بووە بۆ گەیاندنی پارە نایاساییەکانی ئێران بە حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستین. 

وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا دووپاتیشیکردەوە، ئەم سزایانەش پابەندی ئەمه‌ریکا بۆ لەناوبردنی تۆڕەکانی پارەدارکردنی حەماس نیشاندەدات.

لەبەرامبەر کردەوە تیرۆریستییەکانیشیان، لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر حەماسدا بەردەوام دەبن.

بەیانیی رۆژی، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. حەماس زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد و لە رێی وشکانیشەوە هەزاران چەکداری ئەو بزووتنەوەیە چوونە نێو چەند شارێکی ئیسرائیل و شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل روویدا. دوای هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بە بەردەوامی بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی فەڵەستین، دوێنێ  پێنجشەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2023، رایگەیاند، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە، بۆ 7 هەزار و 18 کەس بەرزبووەتەوە و "زۆرینەی قوربانیان ژن و منداڵن".

هاوکات بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو دوێنێ پێنجشه‌ممه‌؛ بەهۆی بۆردوومان و هێرشی چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 400 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە پێنج هەزار کەسی دیکەش بریندارن.