سوپای ئیسرائیل وادەی دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە راگەیاند

ژمارەیەک تانکی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری غەززە (وێنە: AFP)
ژمارەیەک تانکی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری غەززە (وێنە: AFP)

K24 – هەولێر:

سوپای ئیسرائیل فراوانکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە راگەیاند و داواشی لە خەڵکی غەززە کرد بەرەو ناوچەکانی باشووری غەززە بڕۆن.

رۆژی هەینی (27ـی تشرینی یەکەمی 2023) سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، ئەمشەو هێرشە زەمینییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە فراوان دەکات و دەست بە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی دەکەن.

سوپای ئیسرائیل داوای لە خەڵکی غەززە کرد بەرەو باشووی غەززە بڕۆن بۆ ئەوەی دووربن لە بەئامانجگرتنیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جوولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، دواتریش سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.

به‌ گوێره‌ی دوایین ئاماری ته‌ندروستی غەززە، 21 رۆژە جەنگ بەردەوامە و حەوت هەزار و 326 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون .

تەندروستی غەززە روونیکردووەتەوە، لە ریزی کوژراوە فەڵەستینییەکان، دوو هەزار و 913 منداڵ و هەزار و 709 ئافرەت هەیە و هەزار و 650 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

هەروەها بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکانیش، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.