بازنەی جەنگ لە غەززە فراوانتر دەبێت و ئیسرائیل هێلەکانی پەیوەندی پچڕاندووە
K24 – هەولێر:
لەگەڵ راگەیاندنی فراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە لە رێگەی زەمینییەوە، ئیسرائیل هێلەکانی پەیوەندیی مۆبایل و ئینتەرنێتی لەسەر غەززە پچڕاندووە و ئەمەریکاش پشتیوانی لێدەکات.
رۆژی هەینی (27ـی تشرینی یەکەمی 2023) دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند،" لە چەند کاتژمێری رابردوودا، هێرشەکانمان بۆ سەر غەززە چڕتر کردووەتەوە، هێزی ئاسمانی دامەزراوە تیرۆریستییەکان لەژێر زەوی بۆردومان دەکات، لەدوای زنجیرە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو، ئەمشەو هێزە پیادەکان ئۆپراسیۆنی زەمینی فراوان دەکەن".
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، "حەماس نەخۆشخانەکان وەک قەڵغانێك بۆ تونێلەکانی بەکاردەهێنێت، لە غەززە تونێلی لەژێر زەوی هەیە و کەوتوونەتە نزیک شوێنە هەستیارەکان، نەک تەنیا نەخۆشخانە، بەڵکو نزیکە لە مزگەوت، شوێنەکانی ئۆنروا، قوتابخانە و چەندین شوێنی دیکە، نەخۆشخانەی شیفا یەکێکە لەو شوێنانە، باڵەخانە سوورەکان لەلایەن حەماسەوە بەکاردەهێندرێن، ئەو شوێنانە وەک ناوەندێکی دەرکردنی فەرمان بۆ کردەوەی تیرۆریستی و هەڵدانی مووشەک بەکاردەهێنێت".
هەگاری گوتیشی، "چەکدارانی حەماس لەنێو نەخۆشخانەکانەوە دەچنە نێو تونێلەکان، ئەمە تەنیا نموونەیەکە نیشانی دەدەین و وێنە راستەقینەکان بڵاوناکەینەوە، بەڵگەمان هەیە دوای کۆمەڵکوژییەکەی حەوتی تشرینی یەکەم، سەدان تیرۆرست لێرە خۆیان حەشارداوە، ، پێشتر سەلماندوومانە حەماس سووتەمەنی لە ئۆنروا دزیوە و ئۆنرواش پشتڕاستی کردەوە، سووتەمەنی لە نەخۆشخانەکانی غەززە هەیە، بەڵام حەماس بۆخۆی بەکاریدەهێنێت."
هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی فراوانکردنی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، هێلەکانی پەیوەندیی مۆبایل و ئینتەرنێت لە غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پچێڕێندراوە و رێکخراوەکانی تەندروستی جیهانی و خاچی سووری نێودەوڵەتیش رایانگەیاند، کە پەیوەندییان لەگەڵ کارمەندەکانیان لە غەززە پچڕاوە و هیچ هەواڵێکیان لێیانەوە نییە.
هەروەها بەرپرسێکی ئەمەریکی بە کەناڵی ئەی بی سیی ئەمەریکی راگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی سنووردار دەچنە نێو کەرتی غەززە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی و رەزامەندیشیان نیشانداوە لەگەڵ چوونە نێو غەززە، هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە رەوانە بکرێت.
ئەمەش دوای ئەوە هات رۆژی هەینی (27ـی تشرینی یەکەمی 2023) سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، ئەمشەو هێرشە زەمینییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە فراوان دەکات و دەست بە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی دەکەن و داوای لە خەڵکی غەززە کرد بەرەو باشووی غەززە بڕۆن بۆ ئەوەی دووربن لە بەئامانجگرتنیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
لەلایەن خۆیەوە، جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پشتڕاستی فراوانبوونی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە کردەوە و رایگەیاند، کاری لە پێشینەی لەندەن پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی خۆیەتی لە لەندەن و ناوچەکە.
هاوکای ئەیمەد سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایتی ئێکس لەبارەی فراوانکردنی هێرشە زەمینییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەتی غەززە هۆشداریدا لە کەوتنەوەی کارەساتی مرۆیی کە لێکەوتەکانی بۆ چەندین ساڵ دەمێنێتەوە.
رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی بایدن داوای لە ئیسرائیل کردووە، کە ئۆپراسیۆنی سەربازی سنووردار لە غەززە ئەنجامبدات لەبری هێرشی زەمینی فراوان، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کۆشکی گومانی هەیە لەوەی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی فراوان ئامانجەکەی خۆی لە غەززە بپێکێت.
هەر لەوبارەیەوە، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمەریکا بەشێک نییە لە پرۆسەی هێرشی زەمەینی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و ئەوان کار لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن وەک هاوبەشێک تەنیا بۆ ئەوەی توانای بەرگریکردنی لەخۆی بەهێزتربکات.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جوولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، دواتریش سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.
به گوێرهی دوایین ئاماری تهندروستی غەززە، 21 رۆژە جەنگ بەردەوامە و حەوت هەزار و 326 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون .
تەندروستی غەززە روونیکردووەتەوە، لە ریزی کوژراوە فەڵەستینییەکان، دوو هەزار و 913 منداڵ و هەزار و 709 ئافرەت هەیە و هەزار و 650 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.
هەروەها بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکانیش، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.