کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژە بڕیاری وڵاتانی عەرەبی پەسەند کرد
K24 – هەولێر:
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستێکی مرۆیی لە غەززە دەکات، هەروەها پڕۆژە بڕیاری وڵاتانی عەرەبی هەرزوو لەلایەن ئیسرائیلەوە رەخنەی لێگیرا.
ئەمڕۆ هەینی ( 27ـی تشرینی یەکەمی 2023) لەمیانەی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پڕۆژە بڕیاری وڵاتانی عەرەبی پەسەندکرد و، هاوکات کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستێکی مرۆیی لە غەززە دەکات.
پڕۆژە بڕیارەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان هەرزوو لەلایەن ئیسرائیلەوە رەخنەی لێگیرا، هەروەها پرۆژە بڕیارەکە 120 دەنگی بەڵێ و 14 دەنگی نەخێری هێنا، هاوکات 45 کەسیشیان بێلایەنییان هەڵبژاردن.
هاوکات کۆمکاری عەرەبی پێشوازی لە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لە غەززە دەکات.
لەلایەن خۆیەوە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پستیوانی خۆی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە راگەیاند و کۆشکی سپیش ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەر راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان بێت، ئەوا ئەمەریکاش پشتیوانی لێ دەکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆهەینی (27ـی تشرینی یەکەمی 2023) سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، ئەمشەو هێرشە زەمینییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە فراوان دەکات و دەست بە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی دەکەن و داوای لە خەڵکی غەززە کرد بەرەو باشووی غەززە بڕۆن بۆ ئەوەی دووربن لە بەئامانجگرتنیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جوولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، دواتریش سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.
به گوێرهی دوایین ئاماری تهندروستی غەززە، 21 رۆژە جەنگ بەردەوامە و حەوت هەزار و 326 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون .
تەندروستی غەززە روونیکردووەتەوە، لە ریزی کوژراوە فەڵەستینییەکان، دوو هەزار و 913 منداڵ و هەزار و 709 ئافرەت هەیە و هەزار و 650 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.
هەروەها بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکانیش، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.