ئوردن: هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە کارەساتێکی مرۆیی بەدوادا دێت
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئوردن و سەرۆک وەزیرانی سکۆتلەندا، ناڕەزایی خۆیان لە هێرشەکانی ئیسرائیل دەربڕی و داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ دەکەن، هۆشداریش دەدەن لە کارەساتی مرۆیی بەهۆی شەڕەکەوە.
وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفدی رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشێکی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، هۆشداریشیدا لەوەی ئەم هێرشە کارەساتێکی مرۆیی بەدوادا دێت کە کاردانەوەکەی بۆ ساڵانی داهاتوو درێژدەبێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە خێرایی گرژی و چالاکییە سەربازییەکان لە ناوچەکە پەرەی سەندووە.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆک وەزیرانی سکۆتلەندا، هەمزە یوسف، ناڕەزایی خۆی لە بەردەوامی بۆردومانی غەززە دەربڕی و جەختی لەسەر راگرتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە خوێناویانە کردەوە، گوتیشی: ئەم بارە نائاساییە نیگەرانی لەبارەی سەلامەتی هاووڵاتیانی مەدەنی و بەتایبەتی منداڵان دروستکردووە.
لە لایەکی دیکەوە، راوێژکاری باڵای سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، گوشارەکان بۆ سەر حەماس بەردەوامە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تا ئێستاش بەردەوامن، لەم ماوەیەی دواییدا گرژییەکانی نێوان هەردوولا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ بڕیاری لەسەر پەسەندکردنی رەشنووسی بڕیارنامەی عەرەبی دا، کە داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و پێکدادانەکان لە غەززە دەکات، ئەمەش فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە ناوچەکە بەهێزتر دەکات.
به گوێرهی دوایین ئاماری تهندروستی غەززە، حەفت هەزار و 326 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون . هەروەها لە ریزی کوژراوە فەڵەستینییەکان، دوو هەزار و 913 منداڵ و هەزار و 709 ئافرەت هەیە و هەزار و 650 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.
هەروەها بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکانیش، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.