به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایش ئاماده‌نییه پۆسته‌كه‌ی جێبهێڵێت
كێشه كه‌وتووه‌ته نێوان ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی
K24 – هه‌ولێر:
چه‌ند میدیایه‌ك له پارێزگای سلێمانی، باس له بوونی كێشه ده‌كه‌ن له گۆڕاكارییهكانی ناو ده‌زگاكانی ئاسایش له سلێمانی و گه‌رمیان.
پاش ئه‌وه‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی ڕابردوو ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم (سلیمانی) بڕیاری بۆ گۆڕین و جێگۆڕكێی ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی سنوری سلیمانی و گه‌رمیان ده‌ركردبوو،به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گه‌رمیان كه ناوی "عه‌لی شه‌هید محه‌مه‌د" ه ئاماده نییه ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی ببێت.
زانیارییه‌كانی ئه‌و میدیانه پشتی به‌وه به‌ستووه، كه به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گه‌رمیان گوتوویه‌تی" هه‌تا "خه‌سره‌و گوڵ محه‌مه‌د"به‌رپرسی ئاسایشی هه‌رێم، نه‌یه‌ته كه‌لار و ڕێوڕه‌سمێك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی ڕێك نه‌خات، ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی نابێت، به‌ڵام ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی ئاسایش ئاماده نییه خواستی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گه‌رمیان جێبه‌جی بكات و ناچێته گه‌رمیان، چونكه كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره هه‌یه.
ئاماژه به‌وه كراوه كه ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گه‌رمیان چووته‌وه ده‌وامی خۆی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گه‌رمیان، له كاتێكدا فه‌رمانی بۆ ده‌رچووه بچێته ئاسایشی چه‌مچه‌ماڵ و له‌وی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر ده‌ست به‌كاربێت، و له‌بری ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی چه‌مچه‌ماڵ شوێنی بگرێته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌ك كه ماڵپه‌ڕی" شار پرێس" بڵاویكردووه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده پێشتر بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و گۆڕانكارییانه ڕه‌زامه‌ندی له ئاستی باڵا وه‌رگیرابوو، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی بڕیاری گۆڕانكارییه‌كان كێشه‌ی له نێوان ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی "یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان" دروستكردووه، به تایبه‌تی له‌سه‌ر گۆڕینی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گه‌رمیان، و هه‌وڵیانداوه گۆڕانكارییه‌كه ڕابگرن.
ئه‌و گۆڕانكارییانه به‌ڕیوه‌به‌ره‌كانی ئاسایشی ڕانیه و كۆیه‌شی گرتووه‌ته‌وه و به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی ده‌زگای ئاسایش، شوێنی ئه‌و دوو به‌ڕێوه‌به‌ره‌ش ده‌گوڕێت.