حزبوڵڵای لوبنانی بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل

سەربازێکی ئیسرائیلی
سەربازێکی ئیسرائیلی

K24 - هەولێر

حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و کوژراوی لێکەوتووەتەوە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش رەتی دەکەتەوە هیچ کەسێک بەهۆی هێرشەکەوە کوژرابێت. 

حزبوڵڵای لوبنان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، چەکدارەکانیان بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر شوێنێکی سەربازی لە ئیسرائیل، کە بەشێکی زۆر لە دامەزراوەکە و کەرەستەکانی لەناوبردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە زیانی گیانی لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیلدا لێکەوتووەتەوە.

 ئەڤیجای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ناو خاکی لوبنانەوە مووشەک ئاراستەی پێگەیەکی سوپا لە ناوچەی ئەڤیڤیم کراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە. گوتیشی: تۆپخانەکانی سوپای ئیسرائیل سەرچاوەکانی مووشەکەکانیان بۆردومانکردووە.

لە دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بۆردومانکردنی غەززە لەلایەن ئەو وڵاتەوە، تێکهەڵچوون و گرژییەکانی نێوان چەکدارانی حزبوڵڵا و ئیسرائیلیش پەرەی سەندووە گەیشتووەتە ئاستی تۆپبارانکردنی یەکتری.

هێرشەکانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 50 چەکدار، کە زۆربەیان ئەندامی حزبوڵڵای لوبنانی بوون و ئەوانی دیکەش لەو لایەنە فەڵەستینییانە بوونە کە لە خاکی لوبنانەوە کاریان دەکرد.