گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل: بە 100 فڕۆکە بۆردومانی کەرتی غەززەمان کرد
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ شەممە، هێزی ئاسمانی ئیسرائیلی رایگەیاند، شەوی رابردوو، فڕۆکەکانی ئیسرائیل 150 ئامانجیان لە باکووری کەرتی غەززە بۆردومان کردووە.
هێزی ئاسمانی ئیسرائیلی لەسەر پلاتفۆرمی "X" رایگەیاند، بەهۆی بۆردمانەکانی فڕۆکەکانمان، "لە ئەنجامی بۆردومانەکان و لەناوبردنی شوێنەکانی شەڕ و ژێرزەمینییەکانی بزووتنەوەی حەماس، چەندین چەکداری حەماس کوژراون"
دواتر ئەڤیجای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەسەر پلاتفۆرمی "X" رایگەیاند، نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگی سەدان مووشەکیان لە بۆردومانەکەدا بەکارهێناوە و 150 ئامانجی حەماسییان بۆردومان کردووە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی رووبەڕووبوونەوەی حەماس و ئیسرائیل، شەوی رابردوو قورسترین بۆردومانی ئاسمانی و تۆپخانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجام دراوە، هەروەها چەکدارانی ئیسرائیل هەڵمەتێکی چڕیان لە سەرتاسەری کەرتی غەززە دەستپێکرد.
ئەدرەعی دەشڵێت: لە هەڵمەتەکە تونێلەکانیان دەکەنە ئامانج، کە پێدەچێت حەماس هەندێک بارمتەی لەو شوێنانە دانابێت، لەنێویاندا تونێلەکانی ژێر نەخۆشخانەی "شیفا" کە بزووتنەوەی حەماس ئەوەی رەتکردووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی میدیاکان، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی زەمینی سنوورداری لە جەرگەی شارۆچکەی بەیت حانون لە باکووری کەرتی غەززە ئەنجامداوە.
لەبەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە بەگوتەی ئەو وڵاتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، به گوێرهی دوایین ئاماری تهندروستی غەززە، حەفت هەزار و 326 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون . لە ریزی کوژراوە فەڵەستینییەکانشدا، دوو هەزار و 913 منداڵ و هەزار و 709 ئافرەت هەیە و هەزار و 650 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.