دوای ناوچە شاخاوییەکان نەوت لە سەنتەری هەولێر دابەش دەکرێت

K24 - هەولێر

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، دابەشکردنی نەوتی سپی دەستپێکردووە و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان نەوت بەسەر 50%ی گوندنشینان دابەشکراوە، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانیش دەڵێت: چەند هاووڵاتییان دەستوبرد بکەن لە گەیاندنی پارە بە بریکارەکان ئەوەندە زووتر نەوت وەردەگرن.

ئەمرۆ شەممە، 28 تشرینی یەکەم2023، ئاری کاکە شین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: "داوا لە هاووڵاتییانی ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەر دەکەین، بۆ ئەوەی زووتر نەوت وەربگرن زووتر پارەکانیان بگەیەننە دەست بریکارەکان، تا بتوانین پرۆسەی دابەشکردنی نەوت خێراتر بکەین".

گوتیشی: "لە قەزای کۆیەش دابەشکردنی نەوت دەستیپێکردووە، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان  دابەشکردنی نەوت لە 50% تەواو بووە، بەڵام ئەوە دەکەوێتەوە سەر هاووڵاتییان تا زووتر دەستووبرد بکەن لە گەیاندنی پارە و بەرمیل بۆ بریکارەکان، ئەوەندە زووتر نەوت دابەش دەکرێت".

سەبارەت بە دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر، ئاری کاکە شین گوتی: "لەگەڵ تەواو بوونی ناوچە شاخاوییەکان دەست دەکرێت بەدابەشبوونی نەوت لە ناو شاری هەولێر".

راشیگەیاند، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە گەیاندن و بریکارەکانیشەوە 103500هەزار دینار دەبێت.

ئا: لاڤین عومەر

Fly Erbil Advertisment