مەسرور بارزانی و باڵيۆزى فهرهنسا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن
K24 - هەولێر
ئهمڕۆ شەممە 28ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە ئێريك شۆڤاليێ باڵيۆزى فهرهنسا له عێراق کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دوايين گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێویستیی دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم، بە داتا و زانیاری وردەوە، روونکردنەوەی پێویستیان پێشکەشی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت، چونکە ناکرێت چیتر مافی مووچەخۆرانی هەرێم پێشێل بکرێت.
گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و پاراستنی نێردە دیپلوماتییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.