کوردستان24 لەلایەن پەیمانگەی پێگەیاندنی راگەیەندکارانی عێراقییەوە خەڵاتکرا

K24 - هەولێر
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئۆکتۆبەری 2023، قوتابی و مامۆستایانی پێنج لقی پەیمانگەی پێگەیاندنی راگەیەندکارانی عێراقی سەردانی بارەگای سەرەکی دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندنیان لە شاری هەولێر کرد.
پەیمانگەی پێگەیاندنی راگەیەندکارانی عێراقی خەڵاتی "باشترین کەسایەتیی کارگێڕیی ساڵ"ـی پێشکەشی ئەحمەد زاوێتەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن کرد. ئەحمەد زاوێتەیی لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەکە رایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە. ئەمە تەنها بۆ من نییە، بۆ هەموو کارمەند و ستافی کوردستان24ـە. ئێمە لە کوردستان24 بە شێوەی یەک تیم کاردەکەین و ئەم خەڵاتە بەرهەمی کارکردنی هەموومانە".
ئەحمەد زاوێتەیی جەختیشی لەوە کردەوە، "ئێمە بەردەوام هەوڵ دەدەین بەرنامە و بیرۆکەی نوێ پێشکەشی بینەر و خوێنەرانمان بکەین. لە ماوەی رابردوودا گۆڕانکاری بەرچاومان کردووە، هەڵبەتە بۆ وەرزی نوێ بیرۆکە و پلانی نوێمان هەیە؛ ئێمە وەکو کوردستان24 گرنگیی زۆر بە کواڵێتیی هەواڵ دەدەین، تا لە سەرچاوەی هەواڵەکە پشتراستنەبینەوە، کاری لەسەر ناکەین و بڵاوی ناکەینەوە، ئەمە بنەمای کارکردنی کوردستان24ـە".
لەلایەن خۆیەوە د. ئەحمەد شەوقی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی پێگەیاندنی راگەیەندکاران گوتی: "لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا کە رۆژنامەنووس و راگەیاندکاری بەتوانا ئەحمەد زاوێتەیی بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی کوردستان24، گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەمان لە دامەزراوەکەدا بەدیکردووە و بە شێوەیەکی پیشەییانە کارەکانی دەکات و رووماڵی رووداوە گەورەکان دەکات. ستاف و کارمەندانیشی بەتوانان و لە ئاست بەرپرسیارێتییەکەدان".

بەڕێوەبەری پەیمانگەی پێگەیاندنی راگەیەندکاران گوتیشی، "بەهۆی ئەو خزمەتە زۆرەی پێشکەشی بواری رۆژنامەگەری و راگەیاندن لە سەرتاسەری عێراق کردووە، کە ماوەی چەندین ساڵە لە چەندین گۆڤار، رۆژنامە و دەزگای راگەیاندن لەنێو میدیای عەرەبیدا کاریکردووە، بڕیارماندا بە خەڵاتکردنی ئەحمەد زاوێتەیی، بەڕێوەبەری گشتیی کوردستان24. بەڕێزیان لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە کەناڵەکەدا کردووە، بەرنامەی نوێی زیادکردووە، کات و شێوازی پێشکەشکردنی هەواڵەکانی گۆڕیوە، زۆر گرنگی بە گەنج داوە و فەیسی نوێی هێناوەتە سەر شاشە و هەڵبەتە گرنگیی زیاتریشی بە سۆشیاڵ میدیا و ماڵپەری کوردستان24 داوە".

هەر لە رێوڕەسمەکەدا خەڵاتی باشترین پەیامنێری ساڵ لە عێراق، پێشکەشی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا کرا. د.ئەحمەد شەوقی لەوبارەوە ئاماژەی بەوەدا، "لەبەر ئەوەی کە بارەگای سەرەکی پەیمانگەکەمان لە بەغدایە، رۆژانە کارەکانی شڤان جەباری دەبینین و بەشێوەیەکی پڕۆفیشیناڵانە کارەکانی دەکات و کار دەکات بۆ گەیاندنی دەنگی هەموو لایەک بەبێ جیاوازی؛ بۆیە بە پێویستیمان زانی ئەمساڵ خەڵاتەکە پێشکەشی بکەین و دڵنیاین لە داهاتوودا کاری باشتر ئەنجام دەدات".

پەیمانگەی پێگەیاندنی راگەیاندکارانی عێراقی بارەگاکەی لە بەغدایە و لە 15 پارێزگای عێراق لقی هەیە، لەلایەن سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق باوەڕپێکراوە و لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری تۆمارکراوە. ساڵانە هەردوو خەڵاتی "باشترین کەسایەتیی کارگێڕیی ساڵ" و "باشترین پەیامنێری ساڵ لە عێراق" دابەش دەکات و، ئەمساڵ هەردوو خەڵاتەکە پێشکەشی کوردستان24 کران.
میتۆدی كاركردنی کوردستان24
کوردستان24، دامەزراوەیەكی تایبەت بە توێژینەوە و راگەیاندنە، وەك نێوەندێكی میدیایی ھەمەجۆر بەشێوەیەکی درووست و بابەتیانە و بە پێی پهرهنسیپی "بهرپرسیاریهتی كۆمهڵایهتی"، ئهركه پیشهییهكانی بهرانبهر (نیشتمان، تاكهكانی كۆمهڵگه، ئازادیه كهسییهكان) بهجێدهگهیهنێت.
کوردستان24، زانیاریی راست و درووست بۆ وەرگرانی كوردزمان لە كوردستان و ناوچەكە و تەواوی جیهان لە رێگەی تۆڕێکی میدیایی رێکخراو: رادیۆ، تەلەڤزیۆن، دیجیتاڵ میدیا بە زمانەكانی (كوردی- ھەردوو شێوەزاری "کرمانجی، سۆرانی" و ئینگلیزی، عەرەبی، توركی و فارسی) دەگوازێتەوە.
بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی کەناڵی کوردستان24 لە واتسئاپ بکەن: کەناڵی کوردستان24 لە واتسئاپ





