گوتەبێژی حکومەت: دەبێت لەم هەفتەیەدا 700 ملیار دینارەکە بگات

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، " ئەگەر هۆکار و بیانوویەکی دیکەی بۆ نەدۆزرێتەوە، دەبێت لەم هەفتەیەدا 700 ملیار دینارەکە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت".

ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دەبووایە پێش هەفتەیەک 700 ملیار دینارەکە بنێردرایە، ئەگەر هۆکار و بیانوویەکی دیکەی بۆ نەدۆزرێتەوە، دەبێت لەم هەفتەیەدا بگات".

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا، گوتەبێژی حکومەت گوتی: "وەزارەتی دارایی عێراق داوای تەرازووی پێداچوونەوەی سێ مانگیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو. ئەوەی پێویست بوو، بۆیان نێردراوە، بۆیە پێویستی نەدەکرد شاندی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا".

 

 

رۆژی دووشەممە، 30ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ دووشەممە رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان بڕیارە لە نزیکترین کاتدا بڕی ئەو 700 ملیار دینارە لە رێی بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقیەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان".

لە (14ـی ئەیلوولی 2023)، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کورستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە یاوەری قوباد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدایان کرد و 14 کۆبوونەوەی جیایان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتنە رێککەوتن، کە تا یاسای بودجەی گشتی جێبەجێ دەکرێت و پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت، بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی قەرز بنێردرێت. دواتر لە لە کۆبوونەوەی رۆژی 17/9/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 700 ملیار دیناری سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا.

Fly Erbil Advertisment