روونکردنەوەیەک لە خانەوادەی دکتۆر نەجمەدین کەریمەوە

K24 – هەولێر:
لەبارەی کاندیدبوونی برایەکی پارێزگاری پێشووی کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، خانەوادەی دکتۆر نەجمەدین کەریم رایدەگەیەنن، ئەوان پشتگیری ناکەن و ئاگاداری خۆکانیدکردنی نین، هەروەها دەڵێن: بەهیچ جۆرێک نایانەوێت ناوی باوکی کۆچکردوویان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێندرێت بۆ مەبەستی راکێشانی هەست و سۆزی هاووڵاتییان بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکانیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە (1ـی تشرینی دووەمی 2023) خانەوادەی دکتۆر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "بەلای ئێمەوە جێگەی سەرسوڕمانمان بوو کە برایەکی باوکی کۆچکردوویان بەناوی "فەرهاد کەريم" خۆی کاندید کردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک". ئاماژەییان بەوەدا، ئەوان دڵنیان ئەو بەڕێزە لەلایەن لایەنێکی سیاسیەوە بەکارهێندراوە دەیانەوێت لەو رێگەیەوە دەنگی هاووڵاتییانی کەرکووک بۆخۆیان کۆبکەنەوە.
لە روونکردنەوەکەدا هەروەها هاتووە، "بۆیە بەگرنگمان زانی کە هاووڵاتییانی شاری کەرکووک دڵنیا بکەینەوە کە ئەم بەڕێزە هیچ پەوەندیەکی بە ئێمەوە وەک خانەوادەی "دکتۆر نەجمەدین کەریم" نییە و، ئاگاداری خۆکاندیدکردنی نین و پشتگیر و پشتیوانی نین، هاوکات بەهیچ جۆرێک نامانەوێت ناوی باوکی کۆچکردوومان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێندرێت".
هەروەها ئاماژەیان بەوەشدا، ئەوان دڵنیان کە هاووڵاتییانی خۆڕاگری شاری کەرکووک بەشداری کارای هەڵبژاردن دەبن و دەنگ بەو کاندیدانە دەدەن کە دڵخوازی خۆیانن، نەک ئەو کاندیدانەی کەدەیانەوێت لەژێر ناو و سێبەری کەسانی تر دەنگ بەدەست بهێنن.
وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 23 ملیۆن كهس مافی دهنگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی دهنگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه ژمارهیان 214 هەزار و 595 کارمەندە.