سامان رەشید: پارتی 30 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە

سامان رەشید، رێگەپێدراوی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
سامان رەشید، رێگەپێدراوی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

K24 – هەولێر:

رێگەپێدراوی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رایدەگەیەنێت، خەڵکی کەرکووک بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە پارتی دەکەن و هەوڵی سەرخستنی دەدەن لەم هەڵبژاردنەدا، هاوکات گوتیشی: پارتی 30 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە.

سامان رەشید، رێگەپێدراوی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 1ـی 11 تاوەکو رۆژی 15ـی 12 دەستنیشانکردووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، لەو چوارچێوەشدا حزب و هاوپەمانێتییەکان و بەربژێرەکان لەو ماوەیەدا هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیان بەڕێوەدەبەن، هەر لەو چوارچێوەشدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ شارەوانییەکانی هەموو پارێزگاکانی عێراق لیژنەیەکی تایبەتی دروستکردووە و کۆمەڵێک رێنمایشی دەرکردووە، "ئێمەش وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵدەدەین لە چوارچێوەی ئەو رێنمایانەدا هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆمان بەڕێوەببەین و، لەگەڵ ئەو لیژنانە قسەمان کردووە و هیچ کێشەیەکمان نییە".

سەبارەت بە نەمانی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، رێگەپێدراوی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: "لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە هیچ بارەگایەکمان لەو شارەدا نەماوە و تەنانەت داگیریشکران، بەڵام ئێمە ئەزموونی 2021مان هەیە ئەو کات کە بارەگاشمان نەبوو توانیمان هەڵمتێکی هەڵبژاردنی پوخت بەڕێوەببەین و لەو رێگەیەش توانیمان دەنگی باش بەدەستبهێنین، هەروەها دوو نوێنەریشمان ناردە پەرلەمانی عێراق، ئێمە بارەگامان هەبێت یان نەبێت هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆمان بە باشترین شێوە بەڕێوەدەبەین".

گوتیشی: هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە لە رێگەی نوێنەرەکانمان لە بەغدا بۆ ئەوەی بتوانین لە کەرکووک هەندێک بارەگای دیکە بکەینەوە، چونکە ئێمە بارەگای سەرکردایەتی پێشوومان بە بڕیاری سەرۆک بارزانی بەخشی بە زانکۆی کەرکووک، هەروەها ئێمە بارەگای دیکەمان هەیە وەک لقی سێ، هەندێک بارەگای دیکە وەک لیژنەی ناوچەکان، هەوڵدەدەین ئەو بارەگایانە وەربگرینەوە.

سامان رەشید، ئاماژەی بەوەدا، ئێمە پێمان باش نەبوو کورد بەو پەرتەوازەییە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکات، پێمان باش بوو کورد دوو لیستی هەبێت یان سێ لیستی هەبێت، هاوکات داواکارە لە هاووڵاتییانی شاری کەرکووک دەنگی خۆیان بەو لیستانە بدەن کە دەبنە داکۆیکار بۆیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.

رێگەپێدراوی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لە دوای هەڵبژاردن لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکان گفتوگۆکانیان چڕدەکەنەوە، چونکە دۆخی کەرکووک وا دەخوازێت لێکتێگەشتن هەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی ئیدارەی داهاتوو دروست بکرێت.

سامان رەشید، گوتی: خەڵکی شاری کەرکووک بە هەموو شێوەیەک پاڵشتی لە پارتی دەکەن و ئومێدیان بە پارتی هەیە، ئێمەش هەوڵدەدەین بتوانین زۆرترین کورسی بەدەستبهێنین.

گوتیشی: پارتی 30 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 23 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.