عومەر بەرزنجی: قەتەرییەکان خۆیان داوایان کرد کونسوڵگەری لە هەولێر بکەنەوە
K24 – هەولێر:
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، بوونی کونسوڵگەرییەکان لە هەرێمی کوردستان نیشانەی پەیوەندی باش و پتەوی ئەو وڵاتانەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هاوکات گوتیشی: وڵاتانی کەنداو گرنگیی بە هەرێمی کوردستان دەدەن.
عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، کونسوڵگەرییەکان لە هەرێمی کوردستان تەواوکەری باڵوێزخانەکانن کە لە بەغدا هەن، زۆرێک لە وڵاتان کونسوڵگەریان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمەش واتای پەیوەندی بەهێز و گرنگیپێدانی ئەم وڵاتانەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
ناوبراو راشیگەیاند، لەم دوایانەدا کۆتا کونسوڵگەری لە هەرێمی کوردستان کونسوڵگەری قەتەر کرایەوە، پەیوەندیکی بەهێز لە هەموو رووێکەوە لەنیوان هەرێمی کوردستان و قەتەر هەیە، قەتەر پاڵپشتی لە کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، زۆرێک لە وەبەرهێنەرەکانی قەتەر لە عێراق و هەرێم کوردستان هەن و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستدەکەن بە وەبەرهێنان.
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، چەند جارێک وەزیری دەرەوەی قەتەر سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەمەش گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ هەردوولا، هەروەها وڵاتی قەتەر خۆیان داوایانکرد کونسوڵگەریان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە.
عومەر بەرزنجی، باسی لەوەکرد، کردنەوەی کونسوڵگەرییکانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، بابتێکی ئەرێنییە و دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ، گوتی: بوونی کونسوڵگەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەبێتە کار ئاسانی بۆ گەشتکردنی هاووڵاتییانمان بۆ ئەو وڵاتانە، چونکە لە رێگەی کونسوڵگەرییەکانەوە هاووڵاتییان دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزە پێشکەش بکەن.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو، عومەر بەرزنجی ئاماژەی بەوەدا، رۆژ بە رۆژ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو بەهێزتر دەبێت، وردە وردە ئەم وڵاتانە متمانەیان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بۆ دروست دەبێت کە هەرێمێکی ئارامە و شوێنی پەرەپێدانی ئابووری و شوێنی وەبەرهێنانە.
گوتیشی: وڵاتانی کەنداو هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانن و بۆیە دەیانەوێت زۆترین وەبەرهێنان لەو هەرێمە بکەن، هەروەها وڵاتانی کەنداو ئەو زەمینە لەبارە دەبینن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنەرانی فەراهم کردووە بۆیە بە گرنگییەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن.
رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتى دەرەوەى قەتەر لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، حوسێن بن عەلى فەزالە، مامەڵەى فەرمی دەستبەکاربوونى وەک کۆنسوڵى گشتی قەتەر لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، پێشکەش بە عەمار داوود، سەرۆکى فەرمانگەى مەراسیمەکانى وەزارەتى دەرەوەى عێراق کردووە، کە وەکو کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر دەستبەکاربێت.
رۆژی (10ـی ئایاری 2023) به گوێرهی راگهیهندراوی فەرمانگەی پهیوهندییهكانی دهرهوهی حكومهتی ههرێمی كوردستان، سهفین دزهیی بهرپرسی فهرمانگهی پهیوهندییهكانی دهرهوهی حكومهتی ههرێمی كوردستان و خالید بن حهمهد ئەلسڵێتى باڵیۆزی قهتهر له عێراق كۆبوونهوه، تێیدا ئاماژەیان بە گرنگى برەودان بە پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و قەتەر کرد، بەتایبەت دواى ئەوەى قەتەر بڕیاریدا کونسوڵگەرى گشتى وڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان بكاتهوه و هاوکات سهفین دزهیی ئامادەیی هەموو جۆرە هاوکارى و ئاسانکاریەکى حکومەتى هەرێمى بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕى.
لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزی قهتهر له عێراق رایگەیاند، حکومەتى قەتەر خۆشحاڵە بە پتەوکردنى پەیوەندىیهكانی لەگەڵ حکومەتى هەرێم و بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوەکانى کردنەوەى کونسوڵگەرى گشتى وڵاتەکەیان لە هەرێمى کوردستان باش چووهته پێش و بڕیارە لەم نزیکانە کونسوڵگەرى گشتى وڵاتەکەیان بە شێوەیەکى فەرمى بکرێتەوە.