رۆژ كەریم: لە هۆنراوە و گۆرانیەکانمدا فانتازیا لە خەیاڵم دروست دەکەم

K24 - هەولێر:
هونەرمەند رۆژ كەریم كە ئێستا لە وڵاتی سوید ژیان بەسەر دەبات و لەو وڵاتە ستۆدیۆیكی دەنگ و موزیكی هەیە و لەم چاوپێكەوتنیەشدا لەگەڵ كوردستان24 رایدەگەیەنێت، چەند کارێکی نوێ و تۆمارکردنی دەنگی بۆ هەریەك لە ئەمەل سەعید كوردە و فەرهاد حەسەن و ئایدن ئۆستان كردوە ئاماژە بەوەش دەكات، چەند بەرهەمێکی نوێی هونەری خۆی لەبەردەستدا بەمزووانە كاری مایكس و ماسترینی بۆ دەكات.
كوردستان24: باسی نوێترین كاری خۆتمان بۆ بكە؟
رۆژ كەریم: ئێستا خەریکی تۆماركردن و دابەشكردنی موزیكم و ئاوازدانانم بۆ گۆرانیەكی ئەمەل سەعید كوردە و فەرهاد حەسەن و ئایدن ئوستان كردووە كە مازیار فەیاق تێكستی بۆ نوسیوون.
كوردستان24: منداڵیت چۆن گوزەراند؟
رۆژ كەریم: ئەوەندەی خۆم بزانم و لە دایكم و كەسوكارەكەمم بیستبێت منداڵێكی هار و بێزاركەر نەبووم، بەڵام پێموایە لەنێوان هەردووكیاندا بووم واتا نەزۆر هار و نەزۆریش لەسەرخۆ بووم، چونكە شێوازی ژیانی منداڵی هەروایە.
كوردستان24: سەرەتا چۆن زانیت دەنگت خۆشە و یەكەم كەس كێ گوێی لە دەنگت گرت و هانیدایت؟
رۆژ كەریم: لەسەرەتادا محەممەدی برام گوێی لە دەنگم گرت، پاشان ئەوكات لە رێگەی قوتابخانەوە، كە تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندیان بۆ خوێندكاران دەكرد، بەشداری گۆرانی گوتنم كرد، كە پێیان دەگوت كەشافە، منیش بەشداریم تێدا كرد، چەند كەسێك مۆسیقایان لێدەدا و منیش گۆرانیم دەگوت، ئیتر دواتر بۆم دەركەوت دەنگم خۆشە بەردەوام بووم دەستم كرد بە گۆرانی گوتن.
كوردستان24: هونەرمەندە گەنجەكان، تا چەند سوودیان لەستۆدیۆكەت بینیووە، تا چەند هاوكاریان دەكەیت؟
رۆژ كەریم: ستۆدیۆیەكەم زیاتر بۆ دروستكردنی گۆرانییە، خۆم ئاوازەكە دادەنێم و موزیكهكه دروست دەكەم، ئەو كەسانەی لەوڵاتی سوید كارم بۆ كردن، ئەو گەنجانەن لەدەرەوەی وڵات دەژین، زۆرترین ئەو كەسانەی لەدەرەوەی وڵات كاری هونەری دەكەن گەنجانن، هەرچەندە كاری هونەریم لەگەڵ نەجەمەدین غوڵامی و ژمارەیەك گەنجی كوردستان كردون، وەك رەوا جەمال و جێگر میدیا حوسێن هتد...
كوردستان24: لە كاتی گۆرانی گوتندا روخسارت غەمگین دەردەكەوێت؟
رۆژ كەریم: هێندە غەمگین نییم لەڕاستیدا، نازانم هێندە سەیری ئەوەم نەكردوە ئاخۆ جیاوازیەكی ئەوتۆ هەبێت لەنێوان روخسارم لەكاتی گۆرانی گوتن و كاتی ئاسایدا، بەڵام گۆرانیش وەها پێویست دەكات بەپێی وشەکان روخسارت نیشان بدەیت.
كوردستان24: وەك هونەرمەندەكانی دیکە كەم دێیتەوە بۆ كوردستان، هۆكاری ئەوە چییە؟
رۆژ كەریم: هیچ بزنس و بازرگانییەكم لەكوردستان نییە و لە وڵاتی سویدیش ژیانی ئاسایی خۆم بەسەر دەبەم ژن و منداڵم هەیە، بەیانیان زوو دەچمە سەر كار ئاسایی لەدوای كاركردن دێمەوە ماڵەوە، لە ساڵێكدا چوار هەفتە پشووم هەیە، ئەو چوار هەفتەیەش هەوڵ دەدەم بێمەوە دایكم ببینم.
كوردستان24: ئایا كەسێكی تایبەت هەیە لەژیانتا كە گۆرانییەكی تایبەتت بۆ گوتبێت؟
رۆژ كەریم: بەڵێ كەسێكی تایبەت هەیە لەژیانمدا گۆرانیم بۆ وتبێت، گۆرانی ئەی سەروەرم بۆ خاڵم گوتوە، گۆرانیە عاشقانەكانم بۆ زۆر كەسی دیكە گوتوە، زۆرینەی هونەرمەندان بەهەستی خۆیان گۆرانیان گوتوە منیش بەدەرنییم لەوان، ئەگەر هۆنراوەی گۆرانیەكەش بۆ ئەو كەسە نەنوسرابێت، بەڵام جۆرە فەنتازیایەك لە مێشكی خۆمدا دروست دەكەم تا نزیكی بكەمەوە لەو كەسانە، بێگومان گۆرانییەكانم سەرجەمیان بۆ كەسی تایبەتن.
كوردستان24: ژیانت لە دەرەوە تا چەند گۆڕانی بەسەر بیركردنەوە و دنیابینی هونەریتدا هێناوە؟
رۆژ كەریم: 100% گۆڕانی بەسەر بیركرنەوەی هونەریمدا هێناوە، لە دەرەوەی وڵات بە جۆرێكی دیكە سەیری گۆرانی گوتن دەكرێت، هەر وەك شێوەیەكی ترو بۆچوونێكی تر و سكێڵێكی تر و كەسانێكی تر، كارە هونەرییەكانم لە ئەوروپا زۆر گەشەی كرد، پێمباشە بۆ كارە هونەرییەكانم لە دەرەوەی وڵات بم، بەڵام بۆخۆم پێمخۆش نییە لە دەرەوەی وڵات بژیم.
كوردستان24: كاتێك بێزاردەبیت و هەست بە تەنیای دەكەیت گوێ لە دەنگی چی گۆرانیبێژێك دەگریت؟
رۆژ كەریم: ئەو گۆرانیبێژانەی گوێیان لێدەگرم زۆرن، بەڵام زیاتر گوێی لە گۆرانیبێژە بیانییەكان دەگرم، هەستێکی دیكەم پێدەبەخشن، زیاتر گوێ لە گۆرانیبێژە فارس و ئەرمەنییەكان دەگرم، زۆر سودیشم لێ بینیوون.
كوردستان24: لەگەڵ هەندێك گۆرانیبێژی ناو دانیشتنەکانی وەك شێروان عەبدوڵڵا ئاهەنگی موزیك و گۆرانیت سازكردووە، چی ئێوەی بەستەوە بەیەكەوە لە كاتێكدا تۆ هونەرەكەت هێمنە؟
رۆژ كەریم: سەبارەت بە ئاهەنگەكانی ئەوروپا، ئێمە بڕیار نادەین لەگەڵ كێ گۆرانی بڵێین یان گۆرانی نەڵێین بۆمان نییە، ئەو كەسەی ئاهەنگەی ئامادە كردووە ئەو بڕیار دەدات رێگەی ئەوەت پێنادات، بەڵام دەتوانیت نەچیت، ئەو كەسانەی من ئاهەنگم لەگەڵ كردوون وەك كەسانی دڵپاك بەشداری ئاهەنگم لەگەڵ كردوون، ئەوانیش رێزم لێدەگرن و منیش رێزیان لێدەگرم، كەسانی جوانن وەك شێروان عەبدوڵڵا و جێگر میدیا حوسێن، شێوەی ژیان وەهای لێكردوون ئەوانیش بەو شێوەیە گۆرانی بڵێن، بەبڕوای من هەریەكە و رادەی هۆشیاری دیاری دەكات ئەو كەسە لەكوێ گۆرانی بڵێت، بەبڕوای من ئەو كەسانە زۆرینەیان هونەرمەندی زۆر زۆر جوانن، هەندێكیشیان هونەرمەندی باشنین زۆر زۆر خراپن.