بەم نزیکانە سێوی بەرواری باڵا هەناردە دەکرێت

سێوی بەرواری باڵا
سێوی بەرواری باڵا

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک رایگەیاند، بەمنزیکانە سێوی "کانی ماسێ"ی بەرواری باڵا هەناردەی ئیمارات دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2023، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا سێوی بەرواری باڵا، کە هی ناحیەی کانی ماسێ هەناردەی ئیمارات دەکرێت.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک گوتی: "ئێستا وەرزی سێو لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، ئەو سێوانەی کە باشن بۆ هەناردەکردن لە کۆگاکانمان، پڕۆسەی پاکێجینکی ماوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ بابەتی تر بەکاری دەهێنین، ئەو پڕۆسەیە تەواو بێت راستەوخۆ هەناردەی دەکەین".

پێشتریش لە فێستیڤاڵی هەنار لە پارێزگای هەڵەبجە، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو: "ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەناردەکردنی سێوی بەرواری باڵا، بۆ ئەوەی بە پاکێجێکی جوان هەناردەی دەرەوەی کوردستان بکرێت".

لە کابینەی نۆیەمدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، جگە لە سێو چەندین جۆر بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵی وەک  پەتاتە، هەنار، هەنجیر، گوێز، هەناردە دەکرێن.

ئا: لاڤین عومەر

Fly Erbil Advertisment