تەندروستی غەززە: تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2800 کەس لەژێر باڵەخانە رووخاوەکان ماون
K24 – هەولێر:
وەزارەتی تەندروستی لە غەززە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2800 کەس لەژێر باڵەخانە رووخاوەکان ماون و هەڵمەتی رزگارکردن و دەرهێنانیان لەبەر بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بە سستی بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە (7ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە رایگەیاند، لەبەر بۆردومانەکانی ئیسرائیل هەڵمەتی رزگارکردن و دەرهێنانی ئەو کەسانەی لەژێر باڵەخانە رووخاوەکان ماون، بە سستی بەڕێوەدەچێت.
هاوکات ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2800 کەس لەژێر باڵەخانە رووخاوەکان ماون.
شەڕی ئیسرائیل و حەماس پێی نایە 31ـەمین رۆژەوە، بۆردومانەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر غەززە بەردەوامی هەیە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 12 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون و زیاتر لە 30 هەزار کەسیش بریندارن.
لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.
به گوێرهی راگهیهندراوی تهندروستی غهززه 70%ـی قوربانییان لە ژنان، منداڵان و بەساڵاچووانن.