سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: لێکۆڵینەوە لە لافاوەکەی هەولێر دەکەین
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ لێکەوتەکانی ئەو لافاوەی چەند رۆژی رابردوو شاری هەولێری گرتەوە، لە تەلاری پارێزگا؛ لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و شارەوانی، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە کرد کە بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستدا و هیوای خواست ئەمە دوا ناخۆشیان بێت. هاوکات سوپاسی هێزەکانی پێشمەرگە، دەزگا ئەمنییەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تەواوی ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە بە هانای لێقەوماوانەوە چوون.
سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی لافاوەکە، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "هەر زوو داوامان کردووە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان بکرێت. ئەگەر کەمتەرخەمی لەلایەن کەسێکەوە هەبووبێت، رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر؛ بەڵام ئەگەر هۆکارەکانیش لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمە بووبن، دەبێت دەستنیشانیان بکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە بکەین."
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کرد و روونیکردەوە، بارینی بڕێکی یەکجار زۆری باران لە کاتێکی کورتدا، تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش کارەساتی گەورەی لێکەوتووەتەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەستەمە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی باسی لە کاریگەریی قەیرانی دارایی لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان کرد و گوتی: "دواخستن و نەدانی بودجە و مووچە، فشارێکی ئابووریی یەکجار زۆری خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە نەتوانین وەکو پێویست تەواوی کار و خزمەتگوزارییەکان بۆ شارەکانمان جێبەجێ بکەین". سەرەڕای ئەوەش، دووپاتی کردەوە کە ئەو رێکارانەی پێشتر بۆ رێگریکردن لە لافاو گیرابوونەبەر، رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە کەمکردنەوەی زیانەکان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "یەکێک لە هۆکارەکانی گیرانی مەنهۆڵەکان چوونەخوارەوەی زبڵ و خاشاکە. بۆیە داوا لە خەڵک دەکەم هاوکار و یارمەتیدەر بن لە پاکوخاوێن راگرتنی شارەکان و فڕێنەدانی گلێش بۆ ناو مەنهۆڵ و شەقامەکان."
مەسرور بارزانی داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی روودانی کارەساتە سروشتییەکاندا پابەندی رێنماییەکان بن و رێگە بۆ تیمە شارەزا و پسپۆڕەکان چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی کارەکانیان بەباشی راپەڕێنن و ژیانی خۆشیان نەخەنە مەترسییەوە. هەروەها ئاشکرای کرد، لێکۆڵینەوەیەکی جدی بۆ هەموو بەشەکانی شاری هەولێر و شارەکانی دیکە دەکرێت بۆ ئەوەی ئامادەکاریی تەواو بکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە داهاتوودا.
دەقی قسەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان. بەڕێزان زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.
لە راستیدا جێگەی داخە، کە ئەو رۆژە ئەو رووداوە نەخوازراوە وایکرد، دوو کەس بەداخەوە گیانیان لەدەست دا. من دووبارە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان دەکەم، هیوادارم جێگەی کۆچکردووان بەهەشتی بەرین بێت، خوا سەبووریش بە بنەماڵەکانیان بدات و، دوا ناخۆشیان بێت ئینشائەڵڵا.
دەمەوێ سوپاسی هەموو ئەو لایەنە بەشدارانە بکەم کە ئەو رۆژە بەڕاستی هیمەتیان کرد و بەشداربوون لەوەی کە فریای خەڵک بکەون و یارمەتی خەڵک بدەن بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.
سوپاسی دەزگا ئیدارییەکان دەکەم، لە پارێزگا و هەموو ئەو لایەنانەی بەشداربوون، دەزگا ئەمنییەکان. خۆم بینیم کە پێشمەرگە بە جلی سەربازییەوە بە هانای خەڵکەوە دەچوو یارمەتیان دەدان. ئەمە نیشانەی ئەو پەیوەندییە پتەوەیە کە پێشمەرگە لەگەڵ کۆمەڵگە و لەگەڵ خەڵکی شارەکان و بەتایبەتی شاری هەولێر هەیەتی.
سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی و هەموو ئەو خێرخوازانە دەکەم کە یارمەتی خەڵکیان داوە و بەردەوامن لە پێشکەشکردنی یارمەتی بۆ ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە.
ئێمە هەر زوو داوامان کردووە لێکۆڵینەوە بکرێ لە هۆکارەکان بزانین هۆکاری سەرەکی چی بوون، ئەگەر کەمتەرخەمی لەلایەن کەسێکەوە هەبوو بێ ئەو کاتە ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر، ئەگەر هۆکارەکانیش لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەش بووبن، دەبێت دەستنیشانیان بکەین و بزانین چۆن خۆمان ئامادە بکەین بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە.
بارینی ڕێژەیەکی یەکجار زۆری باران لە کاتێکی زۆر کورتدا زۆر زۆر ئەستەمە تۆ بتوانی پێشبینی بکەیت و رێگریشی لێ بکەیت. شارەکانی گەورە لە دنیا تووشی ئەم حاڵەتە بوونە و بەداخەوە زۆر شوێن زیانی زۆر زۆر گەورەتریش بەر شارە گەورەکان کەوتووە لە وڵاتانی پێشکەوتووش، کەواتە ئەمە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر ئەو کارەساتە سروشتیانەی کە بەسەر ناوچەیەک دادێت لە کاتێکی دیاریکراودا و کەسیش ناتوانێ ڕێگری لێبکات.
بەڵام چۆن خۆپارێزی بکەین؟ بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە خەڵک رێنماییەکان بەهەند وەربگرێت و خۆیان نەچن ببن بە لایەنێک بەبێ گوێگرتن بە ڕێنماییەکان و بیانەوێت لە دەرەوەی رێنماییەکان بەبێ ئەوەی پسپۆڕییان هەبێت یان ئەو شارەزاییان هەبێت هەوڵ بدەن کارێک بکەن کە خوانەخواستە زیان بە خۆشیان دەگەیەنێت و بە خەڵکی دەوروبەریشیان دەگەیەنێت.
لە لایەکی ترەوە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی ئەو ئیمکانیاتانەی کە بەداخەوە بە هۆکاری دیار کە لەم ساڵانە دیارە نەمانتوانیوە وەکو پێویست لە بۆ خزمەتکردن و گەیاندنی ئەم کار و خزمەتگوزارییانە بۆ شارەکانمان بکەین، ئەویش خۆشتان دەزانن هۆکار یەکجار زۆر بووە هۆکاری ئەوەی کە لە دواخستنی بودجە نەدانی بودجە، مووچە بە هەموو شێوەیەک فشارێکی ئابووری یەکجار زۆر لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە. هەرێمی کوردستان حکوومەتی ئێمە هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە بە باشترین شێوە سوود لەو ئیمکانیاتانە وەربگرێت کە لەبەردەستە، بەڵام لە ئاستی تموحی ئێمە نەبووە، بەداخەوە بەشی هەموو کارەکانیشیان نەکردووە، بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی چۆن ئێمە بتوانین ئەم کار و خزمەتگوزارییانە ئەنجام بدەین بەو ئیمکانیاتە کەمەی کە لەبەردەستە.
سەرەڕای ئەوەش کاری زۆر باش کراوە من دڵنیام ئەو کارانەی کە پێشتر کران و بەتایبەتی رێکارەکانی گیرانەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەندێ شوێنی شار، ئێستا کارەساتەکە دەکرا زۆر زۆر گەورەتر بێت زیانی گەورەتریش بەر خەڵک بکەوێت ئەگەر ئەو تێکارانە نەگیرابانەبەر. لە زۆر شوێن پێشبینی ئەوە دەکرا رێڕەوی ئاو پاککراوەتەوە، شوێنەکان ئامادەکراون، بەڵام ئەمجارە دیارە لە شوێنێکی تایبەت لە شاری هەولێر رێژەیەکی یەکجار زۆری باران باریوە کە پێشتریش ئەوەکو من بیستوومە بەو رێژەیە باران نەباریوە لەو شوێنە.
ئێستا دیسان دەبێ پێداچوونەوە بکرێ بەوەی کە لە هەموو بەشێکی شار چ لە هەولێر یان تەنانەت شارەکانی تریش دیراسەتێکی جدیەوە بکرێ، ئێمە چۆن خۆمان ئامادە بکەین بۆ گۆڕینی کەشوهەوا و ئەگەر خوانەخواستە جارێکی تر شتێکی هاوشێوە روویدا چۆن ئامادەکاری بکەین؟ چی لەسەر ئێمە وەکو حکوومەت پێویستە چی لەسەر هاووڵاتی پێویستە لەسەر دەزگا فەرمییەکان پێویستە، هەر یەکە کاری خۆی لە ئاستی پێویست ئەنجام بدات بۆ ئەوەی هەموو یارمەتی یەکتر بدەین و زیانەکان کەم بکەینەوە و تەمەنناش دەکەین ئینشەڵا زیان بە هیچ کەسێکی تر نەکەوێت. ئێمە لێکۆڵینەوە دەکەین لەوەی بزانین هۆکارەکان چین و چ رێکارێکیش پێویستە بگیرێتەبەر ئەکید ئەو رێکارانەش دەگرینەبەر ئینشەڵا.
کاک ئومێد جەنابت باسی هەندێک شتت کرد، بەڵام من داوایەکیشم هەیە لە خەڵک تکایان لێدەکەم، جگە لەوەی چەندین جار داوام کردووە لەسەر پاکوخاوێنی و فڕێنەدانی خاشاک و گلێش بۆ سەر جادە و شەقامەکان. ئێستاکە دەبینن یەکێک لە هۆکارەکانی گرتنی مەنهۆڵەکان ئەوەیە کە ئەو هەموو گلێش و زبڵ و خاشاکە دەچێتە ناو مەنهۆڵەکان، ئەبێ هەر ئەم برادەرانە بچن جارێکی تر پاکی کەنەوە و خوانەخواستە لە حاڵەتێکدا پاک نەکرێتەوە و دوا بکەوێت دیسان موشکیلە و کێشەی گەورەی لێ دروست دەبێت. یەعنی خەڵک دەبێ هاوکار بێت یارمەتیدەر بێت یارمەتی دەزگا فەرمییەکان بدەن دەزگا خزمەتگوزارییەکان بدەن لە پاکوخاوێن راگرتنی شارەکان فڕێنەدانی گلێش و خاشاک بۆ ناو مەنهۆڵ و بۆ سەر شەقامەکان. ئەمە یارمەتی دەدات ئەمە بەشێکە من ناڵێم هەموویەتی، بەڵام بەشێکە کە دەکرێ یارمەتیدەر بێت.
داوام ئەوەیە هاووڵاتییان لەو کاتانەی کە رێنمایی خێرا دەردەچێ، پێشبینی روودانی نەخوازراو دەکرێت، هاووڵاتییان پابەندی ئەو رێنماییانە بن. تکایان لێدەکەین ئەبێ پابەند بن بۆ سەلامەتی خۆیان و بۆ ئەوەی زیاتر رێگەش خۆش بکەن بۆ ئەوەی کەسی پسپۆڕ و شارەزا بتوانێ ئیشەکەی خۆی بکا. زۆرجار بوونی خەڵکێکی زۆر لە شوێنێک نەک تەنیا یارمەتیدەر نییە بەڵکو رێگریشە لەوەی کە خەڵکێکی پسپۆڕ بتوانن کارەکانی خۆیان بکەن جگە لەوەی کە سەلامەتی خۆشیان دەخەنە مەترسییەوە. دەزانم زۆریان لە پەرۆشی خۆیانە دەیانەوێ هاوکاری بکەن، بەڵام هەندێک شت پێویستی بە شارەزایی هەیە ئەبێ چی بڕیارێک بدەیت چۆن هەڵسوکەوت بکەیت.
داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەم کە یارمەتی حکوومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان بکەن لەمەودوا، ئینشەڵا جارێکی تر ئەم جۆرە رووداوانە روونەدەنەوە. سپاسی هەمووتان دەکەم دەستی خۆشتان لێدەکەم و ئینشەڵا سەرکەوتوو بن.