"نهێنی پشت به‌یاننامه‌كه‌ی ریال مه‌درید له‌باره‌ی ئێمباپێ ئاشكرا ده‌بێت"

فلۆرێنتینۆ پێرێز سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید و كلیان مباپێ هێرشبه‌ری پاریس سانجێرمان
فلۆرێنتینۆ پێرێز سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید و كلیان مباپێ هێرشبه‌ری پاریس سانجێرمان

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی وردەکاری نوێی لەبارەی نهێنییه‌كانی پشت به‌یاننامه‌ سەرسوڕهێنەرەکەی یانەی ڕیال مەدرید سەبارەت بە کیلیان ئێمباپێ ئاشکراکرد، کە شەممەی ڕابردوو بڵاویکردەوە.

ڕیال مەدرید بەیاننامەیەکی دەربارەی كلیان ئێمباپێ بڵاوکردەوە و تیایدا دووپاتیکردەوە کە هیچ گفتووگۆیه‌كیان لەگەڵ ئێمباپێ نەکردووە وەک زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باس له‌ رێككه‌وتنی نێوان ریال مه‌درید و ئێمباپێ دەکەن.

ڕیال مەدرید لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئێمباپێ یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمانە، گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌ و هیچ رێكه‌وتنێكی سه‌ره‌تاییشمان نییه‌.

كلیان ئێمباپێ گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ پاریس كۆتایی دێت، هیچ یانەیەک مافی ئەوەی نییە پێش مانگی یەکی داهاتوو گفتوگۆ لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ بکات، بە پێچەوانەوە ئەو بابەتە ڕەنگە ببێتە هۆی سزایه‌كی قورس بۆ یانەکە و یاریزانەکە.

ڕۆژنامەی مارکا له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا نووسیویه‌تی: هۆکاری سەرەکی پشت ئەو به‌یاننامه‌یه‌ی ڕیال مەدرید ئەوەیە کە میدیاکان دەستیان کرد بە قسەکردن لەسەر گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ ڕیال مەدرید و پرسی مووچەکەی کە لەگەڵ ریال مه‌درید وەریدەگرێت.

یانەی ڕیال مەدرید پێیوایە بابه‌تی هه‌واڵی ئێمباپێ کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی ژووری جلگۆڕین دەبێت، بڵاوبوونه‌وه‌ی مووچه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ی ئه‌و یاریزانه‌ كاریگه‌ری ده‌روونی خراپ له‌سه‌ر یاریزانه‌كان دروست ده‌كات، بۆیه‌ ریال مه‌درید نایه‌وێت ئه‌و ئارامییه‌ی كه‌ ئێستا له‌ ژووری جلگۆڕین دروستی كردووه‌ و لەم چەند ساڵەی دواییدا پێشکەوتنی زۆری لەم بابه‌ته‌ بەدەستهێناوه‌ نایه‌وێت به‌ ناوهێنانی ئێمباپێ كه‌شوهه‌وای ده‌روونی تیپه‌كه‌ تێك بچێت، به‌تایبه‌تی ساڵانێكی زۆره‌ ریال مه‌درید خۆی له‌ واژۆكردنی گرێبه‌ستی گه‌وره‌ پاراستووه‌ و ئه‌مه‌ش به‌سوود بۆ ده‌روونی یاریزانه‌كان شكاوه‌ته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویان کردبووەوە ئێمباپێ ساڵانە 37 ملیۆن یۆرۆ لە ڕیاڵ مەدرید وەردەگرێت.

ڕۆژنامەی مارکا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ یانەی ڕیال مەدرید بڕیاریداوە هیچ گفتووگۆیه‌ك له‌م ماوه‌یه‌ له‌باره‌ی ئێمباپێ نه‌كات، ئامانجی سه‌ره‌كی فلۆرێنتینۆ پێرێز له‌ ئێستا گەڕانەوەی ئارامی بۆ ژووری جلگۆڕین له‌گه‌ڵ پاراستنی یەکگرتوویی ئەو یاریزانانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا چێژیان لە پەیوەندییەکی بەهێز وەرگرتووە.

Fly Erbil Advertisment