شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆدەبێتەوە

K24 – هەولێر
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و ئەمڕۆ لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆدەبنەوە و تاوتوێی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 8/11/2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
پێشتر عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوتبوو، چوونی ئەو شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا پەیوەستە بە پرسی هەڵبژاردن و ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن.
ئێوارەی دوێنێ 7/11/2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران گەیشتە بەغدا، ئەمڕۆ دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستپێدەکات.
رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد و سەرجەم لایەنەکانی راسپارد بۆ ئەنجامدانی رێکاری پێویست.