پارێزگاری هەولێر: فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمی هەنگوین رێکدەخەین

K24 - هەولێر
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، لە ئاییندەیەکی نزیکدا فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمی هەنگوین رێکدەخەن. دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئاسانکاری بۆ جووتیاران پێشکەشکردووە.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-11-2023، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، فێستیڤاڵی هەنار لە بەردەم پارکی شاندەری شاری هەولێر دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ (تا رۆژی شەممەی داهاتوو، 11-11-2023) بەردەوام دەبێت.
ئازاد محەممەد، جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە تاکە جووتیارە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە. بێجگە لە بەرهەمی هەنار، کاری دەستی و بەرهەمە خۆماڵییەکانی وەکو گوێز و بەرهەمی وشککراوە لەلایەن فرۆشیارانەوە نمایش دەکرێن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەکاتی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکەدا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئازاد محەممەد، جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە بیرۆکەی ئەم فێستیڤاڵەیەی خستەڕوو؛ ئێمە بە کارێکی پەسند و باشمان زانی و، بێ بەرامبەر ئاسانکاریمان بۆ بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە پێشکەشکردووە. دووپاتی دەکەینەوە، ئێمە پشتیوانی لە کاک ئازاد و هەموو جووتیاران دەکەین".
بە گوتەی پارێزگای هەولێر، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لە ئاییندەیەکی نزیکدا فێستیڤاڵێکی دیکە تایبەت بە بەرهەمی هەنگوین بۆ هەنگەوانی سنووری پارێزگای هەولێر و هەرێمی کوردستان هەر لەم شوێنە (لە بەردەم پارکی شانەدەر) رێکدەخات و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان تێیدا بەشدار دەبن".
وەکو ئەوەی پارێزگاری هەولێر باسی دەکات، تاکە داواکارییان لە جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە و رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئەوەیە، "کاتێک فێستیڤاڵەکە رۆژی شەممەی داهاتوو تەواو دەبێت، شوێنەکەمان بۆ پاک بکەنەوە و ژینگەکەی بپارێزن".