دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە: داوا دەکەین کۆنسوڵخانەکان وەڵاممان بدەنەوە

K24 - هەولێر

دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ کاروباری مرۆیی داوا لە کونسوڵخانەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەجدی و خێرا بێنە دەنگ لەسەر ئەو کردەوانەی حکومەتی عێراق، بەرامبەر بە هاووڵاتییانی کورد ئەنجامی دەدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2023، هێڤیدار یونس، ئەندامی دەستەی گشتی دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ کاروباری مرۆیی لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چەند نامەیەکیان ئاڕاستەی کۆنسوڵەکان لە هەولێر کردووە، داوا دەکەن، وەڵامی ئەو داخوازییانەیان بدرێتەوە کە لە نووسراوەکەدا هەیە، چونکە ئەوە باسیان کردووە مافی رەوای خەڵکی کوردستانە.

روونیکردەوە: "دوێنێ و ئەمڕۆ 21 نووسراومان بە زمانی ئینگلیزی ئاڕاستەی کونسوڵەکان لە هەرێمی کوردستان کردووە، لەگەڵ نامەیەکی ئاڕاستەکراو بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان. بۆ رای گشتی رایدەگەیەنن کە حکومەتی عێراق، سیاسەتی برسیکردن پەیڕەو دەکات، بەرامبەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەرەوها نەدان و بڕینی مووچەی هاووڵاتییان، کە مافێکی سەرەتایی هەر هاووڵاتییەکە، ئەمەش بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ کۆچی گەنجان، کە خواستی هیچ لایەنێک و کەسێک نییە".

راشیگەیاند: "کێشەی خۆکوشتن و زیادبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی،و لەلایەکی ترەوە کێشەی ماددەی هۆشبەر و سەدان کێشەی دیکە لە هەرێمەکەمان سەریهەڵداوە، بۆ ئەم مەبەسەتە داوای هاوکاریمان کردووە، بەجدی و خێرا بێنە سەرخەت بۆ ئەو گرفتانە کە ئەمە تاوانی مرۆڤایەتییە حکومەتی عێراق، بەرامبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامی دەدات".