ئه‌م هه‌واڵه له نێو میدیایه‌كانی ئیسپانیا ته‌قییه‌وه

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له یانه‌ی ریال مه‌درید رایگه‌یاندووه فلۆرێنتینۆ پێرێز له‌بیرۆكه‌ی گواسته‌وه‌ی كلیان ئێمباپێ په‌شێمان بووه‌ته‌وه و بڕیاریداوه ئه‌و یاریزانه نه‌گوازێته‌وه.
پێگه‌ی SERـی ئیسپانیا له راپۆرته هه‌واڵێكدا كه وه‌كو بۆمب له نێو میدیایه‌كانی ئه‌و وڵاته ته‌قییه‌وه رایگه‌یاندووه ریال مه‌درید به كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی بڕیاریانداوه واز له گواستنه‌وه‌ی كلیان ئێمباپێ بهێنن.
سه‌رچاوه‌كه نووسیویه‌تی: فلۆرێنتینۆ پێرێز سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید له دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی یانه‌كه رایگه‌یاندووه له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه ئه‌گه‌ر كلیان ئێمباپێ گرێبه‌سته‌كه‌شی له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمان نوێ نه‌كاته‌وه ئاماده نین بیگوازنه‌وه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، هۆكاری پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ریال مه‌درید له ئێمباپێ په‌یوه‌ندی به‌و تێگه‌یشتنه نوێیه هه‌یه كه ئێستا ریال مه‌درید كاری له‌سه‌ر ده‌كات ئه‌ویش گواستنه‌وه‌ی یاریزانانی لاوه به نرخێكی كه‌م، چیتر نایه‌وێت گرێبه‌ستی زه‌به‌لاح و گرانبه‌ها بكات و كه‌شوهه‌وای ژووری جلگۆڕین تێك بدات كه ئێستا یه‌كڕیزییه‌كی باش له نێو پێكهاته لاوه‌كه‌ی ریال مه‌درید هه‌ست پێده‌كرێت و پێرێز نایه‌وێت به گواستنه‌وه‌ی یاریزانێك كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر ده‌روونی یاریزانه‌كان دروست بكات.
پێگه‌ی SERـی ئیسپانیا له راپۆرته هه‌واڵه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كلیان ئێمباپێ ده‌یه‌وێت ریال مه‌درید گرێبه‌ستێكی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ واژۆ بكات و ده‌یه‌وێت پاداشتی دارایی‌ش له نێو گرێبه‌سته‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات، ئه‌مه‌ش وایكردووه ریال مه‌درید تێگه‌یشتنی له‌باره‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه بگۆڕێت.
ئه‌م هه‌واڵه له كاتێكدایه ریال مه‌درید له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه به‌یاننامه‌یه‌كی توندی له‌باره‌ی كلیان ئێمباپێ بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند كه ریال مه‌درید هیچ هه‌وڵێكی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه نه‌داوه و ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له میدیایه‌كان باس ده‌كرێن دوورن له راستی.
كلیان ئێمباپێ مانگی داهاتوو ته‌مه‌نی ده‌بێته 25 ساڵ، له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمان به‌شداریی له 274 یاریی كردووه، 224 گۆڵ و 99 ئاسیستی هه‌یه و له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه به گرێبه‌ستێكی ئازاد ده‌توانێت له پاریس بڕوات.