کارگەیەکی ریسایکلینی پاتری ئۆتۆمبێل لە هەولێر بەهۆی سەرپێچی ژینگەیی هۆشداری پێدەدرێت

کارگەیەکی ریسایکلین
کارگەیەکی ریسایکلین

K24 - هەولێر:

تیمی پشکنین و بەدواداچوون لە فەرمانگەی ژینگەی پارێزگاکان و ئیدارەکان سەردانی ئەو پرۆژانە دەکەن پێشتر رەزامەندی کاریان پێدراوە بە پێی ڕینماییەکانی پاراستنی ژینگە کار بکەن و ژینگە بپارێزن.

رەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان 24-ی راگەیاند: تیمی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بۆ پشکنین و بەدواداچوون سەردانی کارگەیەکی ڕیسایکلینی پاتری ئۆتۆمبێلی کردووە  لە  ناوچەی پیشەسازی تیماری گەورە کە پێشتر ڕێنمایی پاراستنی ژینگەی پێدراوە بۆ جێبەجێکردن، بەهۆی سەرپێچییەکانی لە جێبەجێ نەکردنی رێنماییەکانی پاراستنی ژینگە، هۆشداری پێدەدرێت لە بەردەوامی ئەو سەرپێچیانە.

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەو کارگەیەی ڕیسایکلینی پاتری ئۆتۆمبێل لە ناوچەی پیشەسازی تیماری گەورە، پلاستیک و قورقوشم لە یەکتر جیا دەکاتەوە، بە کورەی تایبەتی خۆیانیش قورقوشمەکە دەتوێننەوە و پلاستیکەکان دەهاڕن، دواتر دەینێرنە ئێران و تورکیا لە چوارچێوەی کاری خۆیاندا، رەزاق خەیلانی دەڵێ: ئەو کۆمپانیایە سەرپێچی ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگەی کردووە بە ڕشتنی تیزابی ئەو پاتریانە ریسایکلینی دەکەن لە کارگەکە  بۆ نێو ئاوەڕۆکانی شار، بۆیە تیمەکەی ژینگەی هەولێر ڕێنمایی پێویستی بە کۆمپانیای ناوبراو  داوە  تیزابەکانیان چارەسەر بکەن،یاخود سووکی بکەن بۆ ئەوەی کاریگەری خراپی نەبێت لەسەر ئەو شوێنانەی تیزابەکەی لێفڕێ دەدرێت، خاوەنی کۆمپانیاشیان ئاگادار کردۆتەوە لەوەی لەماوەی 10  رۆژدا سەردانی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بکات بۆ پابەندکردنی بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی پاراستنی ژینگە و نەهێشتنی سەرپێچیەکان.

ئا/ کارزان حەیدەر