لە سەنتەری شاری دهۆک نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکرێت
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ لە سەنتەری شاری دهۆک نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2023، موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان لە پارێزگای دهۆک، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئەمڕۆ پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دەستیپێکرد، تەنیا ئەمڕۆ 300 هەزار لیتر نەوت لە سەنتەری پارێزگای دهۆک بەسەر هەزار و 500 خێزان دابەش دەکرێت.
گوتیشی: بەشێویەکی گشتی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، تا ئەمڕۆ 20 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە، واتە 100 هەزار خێزان نەوتی سپیان وەرگرتووە.
بەڕێوەبەرە نەوت و کانزاکان لە دهۆک راشیگەیاند، هەر خێزانێک یەک بەرمیل نەوت وەردەگرێت، لە قۆناغی یەکەم لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری دهۆک نەوت بەسەر هاووڵاتییان دابەشکرا، تەنیا ناو سەنتەری شار ماوە، ئەمڕۆش لە سەنتەری شار پرۆسەی دابەشکردنی نەوت دەستیپێکرد.
ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، زووتر لە ساڵانی رابردوو لە رۆژی چوارشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2023 لە ناوچە شاخاوییەکان دەستی بە دابەشکردنی نەوتی سپی کرد، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند: "بودجەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان بۆ زستان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دابینکراوە و هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی سپی بەرامبەر بە 100 هەزار دینار وەردەگرێت".