چواردەهەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی هامبۆرگ بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر:
چواردەهەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی هامبۆرگ لە رۆژانی (22 نۆڤێنمبەر تاوەکو 26 نۆڤێمبەر 2023)بەڕێوەدەچێت و هەموو ساڵێکیش بە کۆمەڵێک پڕۆگرامی نوێ ئەم فێستیڤاڵە سازدەکرێت و ئەمساڵیش بەهۆی ئەوەی دەرهێنەر و زۆربەی ئەکتەرانی کورد، کە لە ئەوروپا دەژین، بڕیاردراوە "وڵاتێکی نوێ" بکرێت بە ناونیشانی چواردەهەمین فیستیڤاڵەکە و پێنچ رۆژیش بەردەوام بێت.
رەوەند جەواد، ئەندام لە کۆمیتەی چواردەهەمین فێستیڤاڵ فیلمی کوردی هامبۆرگ لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 دەڵێت: "سەرەتای فێستیڤاڵەکە بە لایڤ میوزیکێک دەسپێدەکات، کە لە لایەن هونەرمەندانی باکوری کوردستان "جەمیلە و هاوڕێ" ئامادەکراوە، دواتر یەکەم نمایشی فیلم بە ناوی (گاڤا شتیل مەزن) پێشکەش دەکرێت و لە دەرهێنانی دەرهێنەری کوردی رۆژئاواا "رزگار ئازاد کایا"ـیە و لە فیلمە هەڵبژێردراوەکانی ئەمساڵی فێستیڤاڵە".
هاوکات گوتیشی: "لە کۆی 125 فیلمی کورت و درێژ و دیکۆمێنتاریی لە چوار پارچەی کوردستان، کە بە دەست فێستیڤاڵی فیلمی کوردی هامبۆرگ گەیشتبوو، تێدا 19 فیلمان هەڵبژارد، بۆ نمایشکردن لە چورادەهەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی هامبۆرگ لەوانە 6 فیلم دیکۆمێنتاریی و 4 فیلمی درێژ و 9 فیلمی کورت، دوو پانێڵی زۆر گرنگ یەکێکیان بۆ شێوەکاری کورد رۆژئاوا" لوقمان ئەحمەد "سەبارەت بە شێوەکاری لە سینەمای کوردیدا و وۆرکشۆپێك دەکات، پانێڵی دووەمیش بۆ نووسەر و وەرگێڕ "کاوە نەمیر" بە ناونیشانی زمانی کوردی".
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی چواردەهەمین فێستیڤاڵ فیلمی کوردی هامبۆرگ، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵەکەدا خەڵات دەبەخشرێتە فیلمە سەرکەوتووەکان، کە سێ خەڵاتە و پێکدێن لە، باشترین بەڵگەفیلم و باشترین کورتە فیلم و خەڵاتی لێژنە.
رەوەند جەواد، باسی لەوەشکرد، خەڵاتەکان بە لۆگۆی فەرمی فێستیڤاڵ و بڕێکی پارەش دەدەینە فیلمە سەرکەوتووەکانی ئەمساڵی فێستیڤاڵ. هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، بەنیازن ساڵانی داهاتوو، خەڵاتەکان و فیلمەکانیش زیاتر بکەن بۆ نمایش، بۆ ئەوەی بەشێکی زۆر لە دەرهێنەرانی فیلمەکان ئامادەبن لە فیستیڤاڵەکەدا و، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، دەرهێنەر "رزگار ئازاد کایا" دەرهێنەری فیلمی (گاڤا شتیل مەزن) ناتوانێت ئامادەبێت، چونکە فێستیڤاڵی فیلمە کوردییەکان زۆرن لە ئەوروپا، ئەوەش گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی سینەما کوردی و ناساندنی کولتووری کورد لە جیهاندا.
