فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا کەوتەخوارەوە؛ پێنج سەرباز گیانیان لەدەستدا
K24 - هەولێر
بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە دەریای ناوەڕاست، پێنج سەربازی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا. ئەمە شەشەم رووداوی تێکشکان و کەوتنەخوارەوەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکایە.
فەرماندەیی سوپای ئەمەریکا لە ئەوروپا سەبارەت بە رووداوەکە رایگەیاند، رۆژی هەینی، 10-11-2023، لەکاتی راهێنانێکی سەربازی لە دەریای ناوەڕاست، فڕۆکەیەکی سەربازییان لەکاتی وەرگرتنی سووتەمەنی کەوتووەتەخوارەوە و هەر پێنج سەربازی نێو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمە یەکەمجار نییە فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە کاتی مەشقی سەربازیدا تێکدەشکێن و سەرنشینەکانی گیان لەدەستدەدەن. تەنیا ئەمساڵ چەندین سەربازی ئەمەریکا بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەمەش نیگەرانی سەربازانی هێزی ئاسمانی ئەمەریکای لێکەوتووەتەوە.
مانگی شوباتی ئەمساڵ، هەلیکۆپتەرێکی جۆری بلاک هاوکی سەر بە هێزی پاسەوانی نیشتیمانی تێنێسێ لە کاتی ئەنجامدانی مەشق لە ئالاباما کەوتەخوارەوە و دوو سەرباز گیانیان لەدەست دا.
هەمان مانگ، هەلیکۆپتەرێکی ئاپاچی لەکاتی فڕین لە فڕۆکەخانەی تۆکیتنا لە ئالاسکا کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە دوو سەرباز برینداربوون.
مانگی ئادار، لە کاتی مەشقکردن، دوو هەلیکۆپتەری جۆری بلاک هاوک لە کنتاکی خۆیان بەیەکداکێشا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەر نۆ سەربازی سەرنشینی دوو هەلیکۆپتەرەکە.
بەهەمان شێوە، لە مانگی نیسان، دوو هەلیکۆپتەر ئاپاچی لە ئالاسکا خۆیان بەیەکدا کێشا و تێکشکان، لە ئەنجامدا سێ سەرباز گیانیان لەدەستدا و یەکیشیان برینداربوو.
مانگی ئایار، هەلیکۆپتەرێکی جۆری ئەپاچی لە کاتی مەشقی سەربازی لە یەکێک لە بنکە سەربازییەکان لە واشنتن کەتەخوارەوە، بەهۆیەوە دوو هەردوو سەرنشینی فڕۆکەکە بە سەختی برنیداربوون.