عێراق پابەندبوونی خۆی بۆ ئۆپیک پڵەس دووپاتکردەوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، عێراق پاڵپشتی خۆی بۆ رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس دووپاتکردەوە، لە دیاریکردنی ئاستی بەرهەمهێنان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە جیهان گەشبینە بە گەشەی ئابووری و خواست لەسەر نەوتی خاو.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەداوە،عێراق پابەندبوونی خۆی بۆ رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس دوپاتکردەوە لە دیاریکردنی ئاستی بەرهەمهێنان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە جیهان گەشبینە بە گەشەی ئابووری و چاوەڕوانی زیادبوونی خواست لەسەر نەوتی خاو لە ماوەی ساڵی داهاتوودا.

راشیگەیاند، زیادبوونی هەناردەکردن بۆ هەندێک وڵاتی بەرهەمهێنەر، لەنێویاندا عێراق، شتێکی سرووشتییە. جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە "ئەم زیادبوونانە هەندێکجار لە ئاستی هەناردەکردندا روودەدات، بەهۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی ناوخۆیی، لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی دیکە، و بارودۆخی سرووشتی یەکێکە لە هۆکارەکان کاریگەری لەسەر زیادبوون یان کەمبوونەوەی رێژەی بەکارهێنانی ناوخۆیی".

وابڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێک پڵەس لە 26ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت لە کاتێکدا، بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێستادا لەلایەن ئەندامانی ئۆپێک پڵەس بریتییە 41.86 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.

ئۆپێک پڵەس لە (5ـی تشرینی یەکەمی 2022) بڕیاریدا رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکاتەوە، هەروەها لە کۆتایی مانگی ئاداری 2023ـش بڕیاریدا لە مانگی ئایارەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2023 رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل کەمبکرێتەوە.

پێشتر رێکخراوی ئۆپیک پڵەس لە ده‌ستپێكی ساڵی 2024 تاوه‌كو دوومانگی هه‌مان ساڵ رێژەی به‌رهه‌مهێنانی نەوت بە رێژەی 1.4 ملیۆن به‌رمیل رۆژانه‌ کەم بکات و عێراقیش پابەند بوونی خۆی دووپات کردەوە، بەوەی رۆژانه‌ 211 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە.

ئا: لاڤین عومەر