بلینکن: کوژرانی خەڵکی سڤیلی غەززە دڵتەنگم دەکات
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە نامەیەکدا بۆ کارمەندانی وەزارەتەکەی ئاماژە بەوە دەدات، ناکۆکییەکی زۆر سەبارەت بە ململانێی ئێستای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەیە و، دەڵێت، "ئەنجامی ئەم شەڕە قورسە بە ئازارە".
رۆژی دووشەممە، 13-11-2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئیمەیڵێکی بۆ ستافی وەزارەتەکەی نارد و ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو ئازارەی کە ڕۆژانەدا دەبینرێت؛ کۆرپە، منداڵ، بەساڵاچوو، ئافرەت و خەڵکی سڤیلی دیکە لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا دەبنە قوربانی و ئازار دەچێژن، زۆر بە ئازارە و منیش هەستی پێدەکەم".
بلینکن لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئامانجی ئەمەریکا وەک خۆی دەمێنێتەوە، کە بریتییە لە "کۆتاییهێنان بەم ململانێ ترسناکە بە خێرایی و لە هەمانکاتدا لە پاڵ ماف و ئەرکی ئیسرائیلدا وەستاوە، بە پێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ دڵنیابوون لە ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تیرۆر و هێرشێکی هاوشێوەی ئەوەی لە 7ی تشرینی یەکەمدا روویدا".
دانی بەوەشدانا کە "ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی فەڵەستینی کوژراون و زۆر شت دەتوانرێت بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانیان".
زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون.
ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 28 هەزاری دیکەش بریندارن.
هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.
ئامادەکردن: لاڤین عومەر